کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک لە پارلمانی نۆروێژ سەبارەت بە مافەکانی کورد و ڕۆڵی ڕێکخراوە کوردییەکان

08:58 - 16 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، سێمینارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پارلمانی نۆروێژ (ستۆرتینگ)، بە هاوبەشیی ڕێکخراوەکان، کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە نۆروێژ، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، کۆمەڵە کولتوورییەکانی کوردی لە ڕۆمەریکەی خواروو و سەروو و هەروەها بە بەشداری و هاوکاریی گرووپی پارلەمانتارانی حیزبی کرێکاری نۆروێژ، بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای بەرنامەکان پەکتاو حاجی‌پووری، دوای بەخێرهێنانی ئامادە بووان ئاماژەی بە ڕیزبەندی بەرنامەکان کرد کە دوو تەوەری سەرەکیی لەخۆ گرتبوو؛ بارودۆخی کوردان لە نۆروێژ، تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە و دەستگەیشتن بە بازاڕی کار، و هەروەها دۆخی سیاسی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆڵی دامەزراوە سیاسییەکانی نۆروێژ لە پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی کورد.
پاشان دلێر خورشیدی، بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوە کوردییەکان، باسێکی لەسەر مێژووی خەباتی گەلی کورد، ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەو حیزبە لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان، دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ کرد.
بەشی سەرەکیی باسەکانی ئەو سێمینارە تایبەت بوو بە بارودۆخی پەنابەرانی کورد لە باشووری کوردستان. خورشیدی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای هێرشەکانی ئێران و سپای پاسداران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی پەنابەران، لە ماوەی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵەکان ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بەجێ بهێڵن و بڕۆنە شارەکانی دەوروبەر. ئەمەش کێشەی ئابووری، نیشتەجێبوون و ئاسایشی بۆ ئەو بنەماڵانە بەگشتی و مناڵەکانیان بەتایبەتی دروست کردووە.
بارودۆخی ناوخۆی ئێران، زیادبوونی دەسبەسەرکردن، لەسێدارەدان و گوشارە ئەمنییەکان، بە تایبەتی لە شارەکانی کوردستان، لە بابەتە گرنگەکانی دیکەی سێمینارەکە بوون. لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بەوە کرا کە نەتەوەی کورد، بە گوێرەی ئامارە باسکراوەکان تەنها ١٠ تا ١٥ لەسەدی دانیشتووانی ئێران پێک دەهێنن، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە کوردانی نیشتەجێی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر و بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی مافی مرۆڤ لە سێدارە دراون و کە ئەو ڕەوتە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکاندا، ڕۆڵی کوردانی دیاسپۆڕا و ڕێکخراوە کوردییەکانی نۆروێژ لە پاراستنی کولتوور و ناسنامەی کوردی، هەروەها بەشداریی چالاک لە کۆمەڵگەی نۆروێژی، خراوەتە ڕوو.
خورشیدی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە خوازیاری چارەسەری ئاشتییانە و دێموکراتیکی کێشەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بوون. لەمبارەیەوە، تێرۆری ڕێبەرانی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤییەن لە ساڵی ١٩٨٩ و د. سادق شەرەفکەندی لە بێرلین لە ساڵی ١٩٩٢، وەک دوو نموونەی گرنگی توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران دژی ڕێبەرانی کورد ئاماژەیان پێ کرا.
دوای پێشکەشکردنی باسەکانی کاک دلێر خورشیدی، بەڕێز ئێدڤین سۆڤیک، لە کۆمیتەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، باسێکی لەسەر ژیانی ڕێکخراوەیی، پەیوەندیکردن، خوێندن، کارکردن و پرۆسەی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی نۆروێژی کرد. ناوبراو بوونی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵیان لە یارمەتیدانی تاکەکان بۆ بەشداریی چاڵاک لە کۆمەڵگەدا بە گرنگ زانی.
میوانی سێیەمی سێمینارەکە، بەڕێز ماگنوس بیۆرنبێک، ڕاوێژکاری سیاسیی حیزبی کرێکاری نۆروێژ و پەیوەندیدار بە گرووپی پارلەمانیی ئەو حیزبە، باسێکی لەسەر هەوڵ و سیاسەتەکانی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ بۆ پشتیوانی لە مافی مرۆڤ لە ئێران، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کرد. ناوبراو داوای لە ڕێکخراوە کوردییەکان کرد هەر جۆرە بەڵگە و بەڵگەنامەیەکی پەیوەندیدار بە بارودۆخی کوردستان و دۆخی مافی مرۆڤ بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێرن.
لە بەشی کۆتایی سێمینارەکەدا، بەڕێز مارث شارنینگ لوند، سەرۆکی گرووپی حیزبی کرێکاری نۆروێژ (ئۆسلۆ ئەی‌پی)، و بەڕێز عەبدوڵڵا ئەلسابیگ، کاندیدی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئۆسلۆ، چەند وتەیەکیان لەسەر بارودۆخی کوردان و ڕۆڵی ڕێکخراوە کوردییەکان لە نۆروێژ پێشکەش کرد.
هەروەها بەشدارانی سێمینارەکە چەندین پرسیاریان ئاراستەی میوانان و قسەکەرانی سێمینارەکە کرد و وڵامی پێویستیان وەرگرتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئامانجی سەرەکیی سێمینارەکە هەنگاوێک بوو بۆ زیاتر ناساندنی بارودۆخی کوردانی ئێران بە لایەنە سیاسییەکانی نۆروێژی و بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە سیاسی و ڕێکخراوەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ.
لە کۆتایی سێمینارەکەدا، بەڕێز پەکتاو حاجی‌پووری سپاسی بەشداربووان، بە تایبەتی نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردییەکان، میوانان و قسەکەرانی سێمینارەکەی کرد. هەروەها سپاسی مانی حوسێنی، ئەندامی پارلەمانی نۆروێژ لە حیزبی کرێکاری، بۆ هاوکاری و پشتیوانییەکەی کرد.