کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە باوەڕی ئۆباما، خامنەیی خەرفاوە

15:25 - 12 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: باراك ئۆباما، سەركۆماری ئەمریكا دەڵێ سەركردەكانی وڵاتانی جیهان هەرچی زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، زیاتر عەقڵ و ئاوەزیان لە دەست دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، باراك ئۆباما، سەركۆماری ئەمریكا كە لە وتووێژێكی تەلەڤیزیۆنیدا بەشداری كردبوو، وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری تایبەتی دایەوە.

ئۆباما لەو دیمانەیەدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بە بۆچوونی تۆ، چەند كەس لە ڕێبەرانی جیهان بە تەواوی خەرفاون؟ ڕایگەیاند: بەشێكی هەرەزۆریان.

ئۆباما هەروەها وتی: ئەو كەسانە هەرچی زیاتر لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە، ئەگەری لە دەستدانی فام و ئاوەزیان زیاتر دەبێت.

لە وڵاتانی دێموكراتیكدا یاسای بنەڕەتی ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێبەران دیاری دەكات و دەسەڵاتداران بەپێی یاسا و لە هەڵبژاردنێكی دێموكراتیكدا بۆ ماوەی چەند ساڵ بۆ هەر خولێك هەڵدەبژێردرێن. زۆرترین ماوەی سەركۆماری لە وڵاتانی دێموكراتیكدا، لە ٨ تا ١٤ ساڵە، ئەوەش لە كاتێكدا دەبێت كە سەركۆمار دوو جار لەسەر یەک لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێتەوە.

بەڵام لە ڕێژیمە پاشایەتییەكان و ڕێژیمەكانی وەك ویلایەتی فەقیهدا، ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێبەران تەنیا بە هێندێك ڕووداوی وەك كوودەتا، پاكتاو لە لایەن ڕكابەرەكانی نێو دەسەڵاتەوە، شۆڕش یا مردن كۆتایی دێت و كشانەوەی خۆویستانە یان لە ڕێگەی دەنگی خەڵكەوە، لە ئارادا نیە.

ڕابرت مۆگابە لە زیمبابووە، حوسنی موبارەك لە میسر، فیدل كاسترۆ لە كووبا، موعەممەر قەزافی لە لیبی، سەدام حسێن لە عێراق، بنەماڵەی كیم لە كۆریای باكوور، بنەماڵەی ئەسەد لە سووریە و ... لەو چەشنە ڕێبەرانە بوون.

خامنەیی، ڕێبەری ئێستای ڕێژیمی ئێرانیش كە لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی تا كاتی مردنی خومەینییەوە بۆ ماوەی ٨ ساڵ سەركۆماری ڕێژیم بوو، لە ساڵی ١٣٦٨ تا ئێستاش وەكوو وەلی فەقیه دەسەڵاتی بە تەواوی بۆ خۆی قۆرخ كردووە و وێناچێت تا پێش مردنیشی واز لە دەسەڵات بهێنێت.