کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە بریتانیا مەحکووم کرا

12:19 - 30 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بۆ پشتیوانی لە خەڵکی خرۆشاوی کوردستان دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە وڵاتی بریتانیا و لەبەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی نێوخۆ و ھەروەها مەحکوومکردنی تاوانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بەرانبەر بە خۆپیشاندەرانی کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری لەندەن، خۆپیشاندانێکی بەڕێوەبرد.

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، ئەو خۆپیشاندانەی بەڕێوەبرد.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەھیدان، بەتایبەت شەھیدانی ئەم دواییەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەستی پێکرد.

دواتر "فەرید دەیھیم"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بریتانیا، پەیامی خۆپیشاندەرانی پێشکەش کرد.

دوای پەیامی خۆپیشاندەران چەندین دروشمی شۆڕشگێڕی بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، درا.