
سندووس
بێگومان هەر شۆڕشێک کە دێتەئاراوە، هەم تێچووی ماڵی دەبێت و هەم تێچووی گیانی، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بێنەدی و کۆمەڵگا لە سەردەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی بە لێواری ئاسوودەیی بگات و ئەو درووشمانەی لە پێناویدا خەبات و تێکۆشان کراوە بێنەدی.
شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا هەرچەند بۆ ئازادی، ڕەهایی لە نیری زۆرداری، گەشەی هەمەلایەنەی ئابووری، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی چارەنووسی گەلانی ئێران و کرانەوەی بەستێنی گشتی ئەنجام درا، بەڵام ئاخوندە کۆنەپەرستەکان هەر زوو ڕێبازەکانی شۆڕشیان بەرەو هەستێکی پاشڤەخوازانەی مەزهەبی وەرچەرخاند و گشت دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانیان لە فرەدەنگی و فرەچەشنیڕا بۆ بەستەڵەک و چەقبەستوویی گواستەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە هەست و باوەڕی مەزهەبی جەماوەری ڕەشۆک، بناخەکانی سیستمێکیان داڕشت کە زیاترین زەبری گیانی، ماددی، ئابووری، کلتووری و ... لە کۆمەڵگای ئێران وەشاند. دیارە هەر هیچ کام لە ئامانجەکانی شۆڕش نەهاتنەدی، بگرە تێچوویەکی زۆری لە سەر دەستی کۆمەڵانی خەڵک هێشتەوە و بوو بە بارگرانییەکی قورس بۆ سەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی گەلانی ئێران.
لە بواری دەروونناسیدا بە مانا "پیاژە"ییەکەی و گەشە بە مانا "داروین"ییەکەوە گەر بوونەوەرێک نەتوانێ خۆی لەگەڵ هەلومەرج و دۆخی واقع و ڕاستی بگونجێنێ، مەحکوم بە لەناوچوونە و ئیتر ناتوانێ درێژە بە ژیان بدات. کۆمەڵناسی کارکردخوازیش پێداگری لەسەر زیندووبوونی لەشی کۆمەڵگا دەکاتەوە و لای وایە گەر گشت ئەندامانی سازێنەری کۆمەڵ نەتوانن ئەرک و کارەکانیان ڕاپەڕێنن، ئەوا ئەم کۆمەڵگایە تووشی داڕمان و لێکترازان دەبێ و خەسار و کارەساتی گەورە بەرۆکی دەگرێت. کۆماری ئاخوندی لە یەکەم ڕۆژەکانی قۆڕخکردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران، سەلماندوویەتی کە ناتوانێ لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیانێکی نۆڕماڵ چ لە ناوخۆ و چ لە ناوچە و چ لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بسازێ؛ هەر بۆیە ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانی ئاخوندەکان بە هۆکاری سەرەکی تێرۆر، کاولکاریی، ئاژاوە، دڵەڕاوکێی کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە بوونی سیستمێکی ئاوا لەم چاخەدا و پەرەپێدانی دیاردەی گەندەڵی لە گشت بوارەکاندا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و ... هتد، سەلماندوویەتی کە ئەم سیستمە بەرەڵایە چەندە لەگەڵ پێوەر و مێعیارەکانی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و ژیانێکی نۆڕماڵ بێگانەیە، هەر ئەم مێتۆدە ڕەفتارییەش کارێکی وایکردووە کە تێچوویەکی زۆر لەسەر دەستی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بهێڵێتەوە و بەڕاستی ژیانی خەڵک بشەوێنێ.
بۆڵتێنی حەوتووانەی ئابووری، بڵاوکراوەی ئێکۆنۆمیست٭، فێبریەی ٢٠١٩ی زایینی لە وتارێکدا ئاوا باسی تێچووەکانی شۆڕشی ئێران تا ساڵی ئەم ساڵە دەکات:
تێچووی شۆڕشی ئێران بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە تا ئێستا نیزیکەی ٣٠ تڕیلیۆن دۆلار (٣٠ هەزار میلیارد دۆلار) بەراورد کراوە.
١- تێچووی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق ٣ تڕیلیۆن دۆلار.
٢- تێکۆشان بۆ دەستوێڕاگەیشتن بە وزەی ناوکی ٩ تڕیلیۆن دۆلار.
٣- پشتیوانی نیزامی و هەمەلایەنە لە گرووپ و سیستمەکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بەبڕی ۵ تڕیلیۆن دۆلار.
٤- زەرەر و زیان بۆ ژێرخانەکانی کانگا و پیشەسازییە سەرەکییەکانی وەک:
نەوت، گاز، جۆرەکانی ڕاگواستنی هێڵی ئاسنی، زەوینی، ئاسمانی، دەریایی ٤ تڕیلیۆن دۆلار.
٥- زیان گەیاندن بە ژینگە و بێمودیرییەتی ئاوی وڵات ٣ تڕیلیۆن دۆلار.
٦- پشتکردن لە کۆمەڵگای جیهانی و دەمەلاسکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەروەها دانانی گەمارۆی توند لە سەر ئێران، بەهۆی لاساری ئاخوندەکانەوە ٦ تڕیلیۆن دۆلار.
هەروەها تێچووی مرۆڤی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە:
a) کوشتنی هێز و وزەی مرۆڤیی لاوان و هەروەها گوشارە دەروونییەکانی شەڕی هەشت ساڵە و هەڵایساندنی شەڕی ناوچەیی.
b) ڕەهاکردنی هێزی خاوەن بەهرە لە بازاڕ کە بەهۆی بێکیفایەتی ئاخوندەکان، لە ژێر گوشاری تونددان.
c) وزە و هێزێکی زۆر لە پسپۆڕان، ئەندازیاران، پزیشکان، ئابووریناسان، یاساناسان و ... کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری وڵات، کۆچیان کردووە.
لە گەشبینانەترین حاڵەتدا دوای ئەوەیکە ئێران بگات بە ئاشتەواییەکی بنەڕەتی و هێمنایەتییەکی جێگەی باوەڕ و دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک، هەروەها گەشەیەکی باشی ئابووری، دیسان ٣٠ ساڵی پێویستە تا بگاتەوە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی! کە شۆڕش کراوە و ئاخوندەکان سواری دەسکەوتەکانی شۆڕش بوون و بەلاڕێیاندا برد.
یانی کۆماری ئاخوندی بەبری ٧٠ ساڵ هێزی مرۆڤی، ماڵی، ئابووری و کلتووری وڵاتی وێران کردووە!.
ئەوەیە دەسکەوتی کۆماری ئاخوندی بۆ گەلانی ئێران بەگشتی. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ تا ئەم سیستمە زووتر گەسکی لێبدرێ و وەلا بنرێ، گەلانی ئێران زووتر دەرووی گەشانەوەی هەمەلایەنەیان بەڕوویاندا دەکرێتەوە.
ـــــــــــــ
٭ تێبینی: تەنیا ئاماری تێچووەکان لە وتاری ئێکۆنۆمیستی ئابووری وەرگیراون.