هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، دەزگای بەناو دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "میزان"، سەر بە دەزگای دادوەری ڕێژیم، حوکمی لەسێدارەدانی "بابەک عەلیپوور" و "پویا قوبادی" بەیانیی ڕۆژی ۱۱ی خاکەلێوە، دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیم، جێبەجێ کراوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەم دوو کەسە بەهۆی ئەندامییەتی لە ڕێکخراوی "موجاهیدینی خەڵق" و بەشداریکردن لە "چەندین کردەوەی تێرۆریستی" مەحکووم کرابوون.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەزگای دادی ڕێژیم ڕۆژێک پێشتریش هەواڵی لەسێدارەدانی دوو زیندانیی دیکەی بە ناوەکانی "محەممەد تەقەوی سەنگدەهی" و "ئەکبەر دانێشوەرکار" بە تۆمەتی هاوشێوە ڕاگەیاندبوو.
لەم پێوەندییەدا، حیزبی دێموکرات بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسییانە، ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی لەژێر سێبەری ئەم ئاڵۆزییانەدا دەنگی ناڕەزایەتییەکان کپ دەکات و بێبەزەییانە نەیارانی سیاسی لەنێو دەبات."