حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای مەحکووم کردنی لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هۆشداریی داوە کە کۆماری ئیسلامی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و پچڕانی ئینترنێتی بۆ چڕکردنەوەی سەرکوت و بێدەنگکردنی ئازادیخوازان بەکار دەهێنێت.
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، کۆمیتەی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی "محەممەد تەقەوی" و "ئەکبەر دانشوەرکار" ئەندامی ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵق بڵاو کردەوە.
حیزبی دێموکرات وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران، ئەم کارەی بە بەڵگەیەکی تری دڕندەیی ڕێژیم و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان ناو برد.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا ناوچەکەی بەرەو شەڕ و وێرانکاری بردووە، لە نێوخۆشدا بە بڕینی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی پەیوەندییەکان، هەوڵ دەدات لەژێر سێبەری ئەم ئاڵۆزییانەدا دەنگی ناڕەزایەتییەکان کپ بکات و بێبەزەییانە نەیارانی سیاسی لەنێو ببات.
حیزبی دێموکرات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا و ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە کە تەنیا بە سەرکۆنەکردن نەوەستن، بەڵکوو هەنگاوی کردەیی و گوشاری جیددی بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان.
حیزبی دێموکرات لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە کە بێدەنگیی کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەم تاوانانە، دەبێتە هۆی توندتربوونی سەرکوتەکان، بۆیە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران و پاراستنی گیانی زیندانییانی سیاسی بە "پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر" دەزانێت.