شەوی دووشەممە و بەرەبەیانی سێشەممە، ١٠ و ١١ی خاکەلێوە، شەپۆلێکی نوێ لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستی پێکرد و چەندین شاری کردووەتە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوچە جیاجیاکانی تاران بەتایبەت ڕۆژئاوای ئەو شارە لەوانە "ئێکباتان" و دەوروبەری فڕۆکەخانەی "مێهرئاباد" و ناوچەکانی "حەکیمییە"، "مەیدانی حەوتی تیر" و "شەهرەکی غەرب"یش کراونەتە ئامانج.
هەروەها لە کەرەج و دەوروبەری، لەوانە "فەردیس" و "کەمالشەهر"یش، ڕاپۆرتەکان باس لە هێرشی ئاسمانی و بەئامانجگرتنی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، شارەکانی ئیسفەهان، نەجەف ئاباد، کاشان، شەهرەزا، شیراز، زەنجان و بەندەرلەنگە کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان و هەروەها بەرپرسانی ڕێژیم لە هۆرمۆزگان هەواڵی ئاگرکەوتنەوەی چوار بەلەمی بارهەڵگریان ڕاگەیاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە کوردستانیش، کۆمەڵگەی ناوەندی بەسیج لە دێولان و وێستگەیەکی پۆلیس لە سنە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون.
هاوکات، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی ١٧٠ ئامانجیان پێکاوە، لەوانە ژێرخانە سەربازییەکان و کۆمەڵگەکانی بەرهەمهێنانی چەک.