کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆرج بووش: ڕێژیمی ئێران بەدوای لەنێو بردنی ڕێککەوتنی "ئیبراهیمـ"ـەوەیە

13:33 - 30 بانەمەڕ 2721

سەرکۆماری پێشووتری ئامریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "فاکس نیووز" بوونی ئێرانی وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان وەسف کردووە

"جۆرج دەبلیوو بووش" سەرکۆماری پێشووتری ئامریکا لەو وتووێژەدا جەختی کردووەتەوە، قەیرانی ئێستای باریکەی غەزە، وێنای دوژمنایەتیی ڕێژیمی ئێران دژ بە ئیسرائیلە و هۆشداریی داوە کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە ئەو ڕێککەوتنە ناوچەییانەی کە لە سەردەمی سەرکۆماریی "دانڵد ترامپـ"ـدا بەدی هاتن لەنێویان ببات.

بووش سەرەڕای ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە بزووتنەوە توندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکات وتی: "من وا بیر دەکەمەوە باشترین ڕوانگە بەنیسبەت ئێرانەوە ئەوەیە کە بزانین دزەکردنی ئەوان بۆ ئاشتیی جیهانی مەترسیدارە، ئەوان بە چڕی بە بزووتنەوە توندڕەوەکانەوە لە لوبنان و سووریە و یەمەنەوە خەریکن و دەیانهەوێ زیاتر دزە بکەنە ناوچەکە".

ناوبراو سەبارەت بە دانیشتنەکانی ڤییەن لەنێوان بەرپرسانی ڕۆژئاوایی و ڕێژیمی ئێراندا وتوویەتی: "هەر مامەڵەیەک کە ئەنجام دەدرێت، نابێت تەنیا تەرکیز بخاتە سەر تواناییە ناوکییەکانی ئێران، بەڵکوو دەبێ دزەکردنی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەشدا سەرنجی لەسەر بێت، ڕەوتی دانوستاندنەکان بە هەر شێوازێک بڕواتە پێشەوە، دەبێ هەڕەشەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ هاوپەیمانانی ئێمە و سەقامگیریی ناوچەکە لەبەرچاو بگیردرێت و کەوابوو دەبێ ڕوانینێکی گشتی بەنیسبەت ئەو بابەتەوە هەبێت".