کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
توندوتیژی دژی ژنان تەنیا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو برینێکی قووڵی سیاسی و مێژوویی و هێمای ستەمێکی چەند قات بەرانبەر بە نیوەی کۆمەڵگەیە.
ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ٢٥ی نۆڤامبر و قوربانییانی توندوتیژی دەکەینەوە کە بەداخەوە لە کوردستاندا بینەری هەڵکشانی ئامارەکانی ژنکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنانین. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و پێمان دەڵێت کە هێشتا عەقڵییەتی پیاوسالاری و نەبوونی سزای یاسایی شیاو، ڕێگری لە پاراستنی شکۆ و ژیانی ژنان دەکەن.
نابێت لەبیرمان بچێت کە ئەو ژنانەی ئەمڕۆ لەژێر ناوی «شەرەف و نامووس»دا دەکرێنە قوربانی، هەمان ئەو ژنانەن کە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان و بەتایبەت لە شۆڕشی «ژینا»دا، هێزێکی سیاسیی کاریگەر و پێشەنگی گۆڕانکاری و ڕزگاریی نیشتمانی بوون. بۆیە پاراستنی گیان و کەرامەتی ژنان وەک پاراستنی مافی نیوەی کۆمەڵ، ئەرکی ئەخلاقی و سیاسیی هەمووانە.
٢٥ی نۆڤامبر و هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، دەبێت ببێتە وێستگەیەک بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە پاساوێک بۆ تاوانەکانی ژنکوژی لەژێر ناوی شەرەف و هەوڵدان بۆ بەشداریی کارای ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان.
بنبڕکردنی توندوتیژی، مەرجی سەرەکیی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سەربەخۆیە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٦