سیاسەتە ئابوورییە شکستخواردووەکان، پەرەپێدانی قەیرانە ناوچەییەکان و توندتربوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران، بووەتە هۆی داڕمانی خێرای بەهای دراو و گەیشتنی نرخی دۆلار بە ئاستێکی مێژوویی و بێوێنە، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بژێویی هاووڵاتییانی خستووەتە ژێر گوشارێکی قورسەوە.
بەپێی نوێترین ئامارەکانی بازاڕی دراو، نرخی دۆلار لە ئێران لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٤دا لە دەوروبەری ٨٢ هەزار تمەن بووە، بەڵام لە مامەڵەکانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥دا بە تۆمارکردنی ڕیکۆردێکی نوێ، سنووری ٢٨٥ هەزار و ٦٠٠ تمەنی تێپەڕاندووە؛ ئەمەش بە واتای بەرزبوونەوەی ٣.٥ بەرانبەریی نرخی دۆلار و دابەزینی ٧١ لەسەدی بەهای ڕیاڵە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودایە.
تەنیا لە نێوان مانگەکانی گەلاوێژ تا ڕەزبەری ئەمساڵدا، تێکڕای نرخی دۆلار لە ١٨٩ هەزار تمەنەوە بۆ ٢٥٩ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە، کە ئەمەش توانای کڕینی ڕیاڵی بە ڕێژەی ٢٧ لەسەد دابەزاندووە، بە شێوەیەک کە بە پارەی کڕینی ١٠٠ دۆلار لە گەلاوێژدا، لە ڕەزبەردا تەنیا ٧٣ دۆلار دەکڕدرا.
توندتربوونی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە پووشپەڕی ئەمساڵەوە، دەستڕاگەیشتنی تارانی بە داهاتە نەوتییەکان سنووردار کردووە، بە شێوەیەک کە زیاتر لە یەک میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکراوی ئێران لە دەستی پاڵاوگەکانی چین دەرچووە.
هاوکات سەپاندنی سزای نوێی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بۆ سەر تۆڕی بانکداریی سێبەری ڕێژیم، قەیرانی کەمیی دراوی قووڵتر کردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم دۆخەدا، دۆلار سنووری ٣٠٠ هەزار تمەنیش ببەزێنێت.
ئەم داڕمانە دراوییە هاوکاتە لەگەڵ هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی ٨٨.٧ لەسەدی و بەرزبوونەوەی ١١٣.٤ لەسەدیی نرخی خۆراک، کە ئەمەش لە پاڵ گرانبوونی دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان، توانای کڕینی بنەماڵەکانی بە تەواوی لاواز کردووە.