ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (مەریوان و سەوڵاوا، سەقز و زێویە و سنە)، بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هۆشداریی دا کە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دامەزراوە فەرمییەکان، کەلێنە یاساییەکان، پیاوسالاری و قەیرانی قووڵی ئابووری، بوونەتە هۆی هێرشێکی بێبەزەییانە بۆ سەر ئازادی، مافی هەڵبژاردن و مافی ژیانی ژنان.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە بەیاننامەکە، ژمارەی ژنانی کوژراو لە ساڵی ١٤٠٢دا ٥٥ حاڵەت بووە، لە ساڵی ١٤٠٣دا بۆ ٩٣ حاڵەت، لە ساڵی ١٤٠٤دا بۆ ١٧٩ حاڵەت و لە ساڵی ١٤٠٥دا گەیشتووەتە ٢٠٧ حاڵەت.
ئەو ئەنجومەنە ڕایگەیاندووە کە بکەرانی سەرەکیی ئەم کوشتنانە نزیکترین کەسانی قوربانییەکەن (هاوژین، هاوژینی پێشوو، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی خێزان) و هۆکارە تۆمارکراوەکانیش بریتین لە پاراستنی نامووس، ڕەتکردنەوەی داخوازی، داواکردنی جیابوونەوە لەلایەن ژنانەوە و ناکۆکییەکانی سەرچاوەگرتوو لە هاوسەرگیریی منداڵان و هاوسەرگیریی زۆرەملێ.
ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە نابێت توندوتیژی تەنیا لە کوشتن و خۆکوژیدا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی لێدان، سووکایەتی، کۆنتڕۆڵکردن، دەستدرێژی و ئازاری سێکسی، بێبەشکردن لە خوێندن و کارکردن، هەڕەشەی ئینتێرنێتی، حیجابی زۆرەملێ، هەڵاواردن لە مووچە و بێبەشبوون لە مافی میرات، خاوەندارێتی و گەشتکردن دەبنەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، هۆکاری بەردەوامیی ئەم توندوتیژییانە بۆ ناهاوسەنگیی دەسەڵات لە نێوان ژن و پیاو و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پیاوسالاری لە یاسا، زمان و کولتووردا گەڕێندراوەتەوە.
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە قەیرانە ئابوورییەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، هەڵاوسان، بێکاری و گوشارە داراییەکان، بوونەتە هۆی دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لە ناو خێزاندا کە زیاتر بەرۆکی ژنان دەگرێتەوە.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە کە هەر گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەم دۆخەدا پێویستی بە ڕێکخستنەوەی دەسەڵات، دین، کولتوور، یاسا و ئابووری هەیە لەسەر بنەمای یەکسانیی ڕەگەزی و داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان، چالاکانی مەدەنی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی کەسی و پێکهاتەیی بکەنە داخوازییەکی جیددی و بە دەنگی بەرز هاواری بکەن.