داڕمانی بێوێنەی بەهای دراوی ئێران لە ئەنجامی سیاسەتە ئابوورییە شکستخواردووەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و پەرەسەندنی قەیرانە ناوچەییەکاندا خێراتر بووە و نرخی دۆلار تەنیا ١٠ هەزار تمەنی ماوە بۆ گەیشتن بە سنووری ٣٠٠ هەزار تمەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی چاوەدێریی بازاڕی دراو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٥، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکایی لە بازاڕی ئازادی ئێراندا گەیشتە ٢٩٠ هەزار تمەن و ڕێکۆردێکی نوێی لە مێژووی مامەڵەکانی دراوی ئەو وڵاتەدا تۆمار کرد.
داتاکانی بازاڕ دەریدەخەن کە نرخی دۆلار ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەز ٢٧٢ هەزار و ١٩٠ تمەن و لە کۆتایی مامەڵەکانی ڕۆژی سێشەممەدا ٢٨٣ هەزار و ٨٩٠ تمەن بووە؛ بەم پێیە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا دۆلار نزیکەی ١٨ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.
هاوکات نرخی دۆلاری حەواڵە لە بازاڕی فەرمیشدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ١٩٥ هەزار و ٥٧٧ تمەن.
ئەم هەڵکشانە خێرایە لەکاتێکدایە کە سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە ٣ی خەرمانانی ئەمساڵدا کاتێک دۆلار تازە سنووری ٢٠٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندبوو، هۆشداریی دابوو کە دۆلاری ٣٠٠ هەزار تمەنی بەڕێوەیە.