کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێبەری ترس (قەیرانی بەنزین و مەترسیی دووبارەبوونەوەی خەزەڵوەری ٩٨)

12:11 - 1 سەرماوەز 2726

ئاسۆ مینبەری

حەوت ساڵ بەسەر خەزەڵوەری خوێناویی ٩٨دا تێدەپەڕێت؛ مانگێک کە گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین، بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو لە ئێران و لە وەڵامدا، سەرکوتێکی خوێناوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەدوای خۆیدا هێنا.

ئێستا و لە ساڵی ١٤٠٥دا، بۆ جارێکی دیکە بەنزین بووەتە یەکێک لە گرینگترین خاڵەکان کە نیشاندەری ناکۆکیی نێوان دەسەڵات و خەڵکە. بەو جیاوازییەوە کە قەیرانی ئەمجارە تەنیا پێوەندیی بە گرانبوونی نرخی بەنزینەوە نییە، بەڵکوو بابەتەکە سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە بەنزین و چۆنییەتیی دابەشکردنی ئەم کاڵا گرینگ و پێویستەیە.

خەزەڵوەری ٩٨ و ڕووداوەکانی، وەک بیرەوەرییەکی تاڵ لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە مێژووی کوردستان و ئێراندا بە ئەژمار دێن، بەڵام ئەمە هەموو بابەتەکە نییە.

ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر دەکرێ وا چاویان لێ بکرێت کە چۆن بڕیارێکی ئابووریی نابەجێ، بەبێ هەڵسەنگاندنی دۆخی خەڵک و بژێویی ژیانیان، توانیی شەپۆلێک لە تووڕەیی، ناڕەزایەتی و لە هەمووی گرینگتر، بێمتمانەیی بەرانبەر بە دەسەڵاتێک دروست بکات و چەخماخەی ڕاپەڕینێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لێ بدات.

لە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا، بڕیاری لەناکاوی گرانکردنی بەنزین، خەڵکانێکی زۆری لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران هێنایە سەر شەقام. دروشمە پێکهاتەشکێنەکان بە خێراییەکی یەکجار زۆر، لە داواکارییەکی ئابووییەوە گەیشتنە ئاستی ناڕەزایەتییەکی ڕاستەوخۆ دژی دەسەڵات و بەئامانجگرتنی تەواوەتیی دەسەڵات و گرینگتر لە هەمووی، عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری ئەوکاتی ڕێژیم، لاپەڕەیەکی دیکە لە مێژوویان دژ بەو دەسەڵاتە هەڵدایەوە.

ئەوەی کە ڕووداوەکانی ئەو کاتەی کرد بە ڕووداوێکی مێژوویی و خەزەڵوەری خوێناویی ٩٨ی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنیا گرانبوونی بەنزین نەبوو، بەڵکوو شێوازی وەڵامدانەوەی دەسەڵات بوو!

بەکارهێنانی هێزی چەکدار، کوشتنی خۆپێشاندەران، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتەرنێت، ڕەهەندێکی دیکەی ئەو ڕووداوە بوون و سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوتکارییە ئاشکرا و بێبەزەییانەیەدا، خەزەڵوەر لە یادگەی کۆمەڵگەدا هەر ماوە.

ئێستا و حەوت ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، بارودۆخی ئابووریی ئێران جارێکی دیکە بەنزینی کردووەتە ناوەندی گفتوگۆ و ناڕەزایەتییەکان.

لە ١٧ی خەرمانانی ئەمساڵەوە، نرخی بەنزینی دەرەوەی پشکبەندی لە ٥ هەزارەوە بۆ ١٠ هەزار تمەن بەرز کرایەوە، لە کاتێکدا پشکی ٦٠ لیتر بە نرخی ١٥٠٠ تمەن و ٥٠ لیتر بە نرخی ٣٠٠٠ تمەن بۆ ماشینەکان هەر وەک خۆی مایەوە. بەم جۆرە سیستەمی سێنرخیی بەنزین جێگیر بوو، بەڵام ئەمە کۆتایی گۆڕانکارییەکان نەبوو.

لە سەرەتای نۆڤەمبەری ئەمساڵەوە، کارتی سووتەمەنیی هاوبەشی وێستگەکان لە ١١ پارێزگادا کۆ کرانەوە. ئەم بڕیارە دەستڕاگەیشتنی شۆفێرەکان بە بەنزین لە دەرەوەی پشکی کەسییان سنووردارتر کردەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، هەواڵی درێژبوونەوەی ڕیزی وەرگرتنی بەنزین لە شارەکانی ئێران، لەوانە چابەهار و ئێرانشار، بڵاو بووەوە. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە چابەهار، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان پاش نزیکەی ٩٠ خولەک چاوەڕوانی لە ڕیزی وەرگرتنی بەنزیندا، لە وێستگەکان ئاگادار کراونەتەوە کە پشکی بەنزین تەواو بووە.

لەلایەکی ترەوە، دەستپێکردنەوەی دابەشکردنی بەنزینی سووپەر بە نرخی نزیکەی ١٠٣ هەتا ١١٠ هەزار تمەن بۆ هەر لیترێک، جیاوازیی نێوان نرخەکانی بەنزین و گوشارەکانی سەر بەکارهێنەرانی زیاتر کردووە. ڕاستە کە ئەم نرخە تایبەت بە بەنزینی سووپەرە و نابێ لەگەڵ بەنزینێک کە بە پشک دەدرێ بەراورد بکرێ، بەڵام ئەمە ئەگەر لە چوارچێوەی قەیرانی گشتیی وزەدا چاوی لێ بکرێت، نیشانەی جیاوازیی زیاتر لە دەستڕاگەیشتن بە سووتەمەنییە.

ئەم گرانبوونە لە کاتێکدایە کە ئابووریی ئێران بە هۆکارەکانی وەک هەڵکشانی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، دابەزینی توانای کڕینی خەڵک و دابەزینی توانای دارایی بنەماڵەکان، لە دۆخێکی دژواردایە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین تەنیا کاریگەری لەسەر تێچووی خاوەن ماشینەکان نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی کرێی گواستنەوە و تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان، دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکی و گرینگەکانی ژیان هەبێت کە ئەمەش گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر چینی مامناوەند و هەژاری کۆمەڵگە.

لە ئاستی دەسەڵاتدا، هەڵوێستە فەرمییەکان سەبارەت بە قەیرانی بەنزین جێی تێڕامانن. لە نیوەی مانگی نۆڤەمبەردا، ئیسماعیل سەقاب ئیسفەهانی، بەرپرسی ڕێکخراوی چاکسازی و کارگێڕیی بەکارهێنانی وزە، باسی لە هەبوونی کێشە لە دابینکردنی بەنزیندا کرد و داوای لە خەڵک کرد کە بۆ کاروبارە پێویستەکانیان، بەشێک لە پشکی بەنزینەکەیان پاشەکەوت بکەن. لە هەمان کاتدا، بڕیاری کۆکردنەوەی کارتی وێستگەکان و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە بەنزینی دەرەوەی پشک درا کە ئەمە نیشانەی قەیرانی قووڵ لە دابینکردنی سووتەمەنی لە ئێراندا تەنیا وەک پرسێکی ئابووری نییە، بەڵکوو دەبێ وەکوو کێشەی بەڕێوەبردن و کۆمەڵایەتی چاوی لێ بکرێت.

لێرەدایە کە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا ئەم هەوڵانەی ڕێژیم بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە بەنزین ئاکامی ترس لە دووبارەبوونەوەی خەزەڵوەری ٩٨ و ناڕەزایەتییەکی نوێیە؟ لە ئەنجامی ئەمەدا ئایا بەردەوامبوونی ئەم گوشارە ئابوورییە دەتوانێ ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و سەرهەڵدانەوەی جۆرێکی دیکە لە ناڕەزایەتییەکان؟

لە ڕاستیدا ناکرێ بە پشتبەستن بە گۆڕانکاریی نرخی بەنزین و درێژبوونەوەی ڕیزەکانی وەرگرتنی بەنزین، پێشبینی بکرێ کە سەداسەد خۆپێشاندانێکی دیکە لە چەشنی خەزەڵوەری ٩٨ ڕوو دەدات، بەڵام ڕوونە کە بەنزین لە ئێراندا تەنیا کاڵایەک لە چوارچێوەی وزەدا نییە، بەڵکوو پرسێکی هەستیار و گرینگی سیاسیشە کە ڕابردوویەکی خوێناویی هەیە.

لە کۆمەڵگەیەکدا کە خەڵک بەرانبەر بە دەسەڵات بێمتمانەن و گوشارەکان بەردەوام لە زیادبووندان، داهاتوو بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە تووشی ناڕوونی بووە و هیوای خەڵک بە ژیان لە کزییەکی ئێجگار بەرچاو داوە، هەر بڕیارێکی نوێ لەسەر نرخی بەنزین دەتوانێ ببێتە هەوێنی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکی سیاسی کە بە سەرنجدانی ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردووی پاش خەزەڵوەری ٩٨، دەتوانێ کڵپەی زیاتر بستێنێ. خەزەڵوەری ٩٨ هێشتا لە یادگەی خەڵکدا ماوەتەوە و پرسە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەمجارە دەبێ چەندە بارگرانی بخرێتە سەر شانی خەڵک و چاوەڕوان بکرێ کە بە بێدەنگی دابنیشن و جووڵەیەک نەکەن؟