کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ جۆر گیانلەبەری بوومی لە پارێزگای کوردستان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

15:29 - 15 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: راوی لەڕادەبەدەر و پێشگیری نەکردن لە راوچییان، هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونی زیاتر لە ١٤ جۆر گیانلەبەری بوومی لە پارێزگای کوردستان دایە.
لە پارێزگای کوردستان نزیک بە ١٤ جۆر گیانلەبەری بوومی وەکوو ورچی قاوەیی، پاڵنگی گوێچکە رەش، پشیلەی وەحشی، پشیلەی جەنگەڵی، سەگی ئاوی، کەڵ، بزنی کێوی، هەڵۆ، داڵ، مارمێلکە ئاگری و کوردستانی و هەڵۆی مارخۆر، مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
لە پارێزگای کوردستان بەهۆی بارودۆخی لەباری ئاو و هەوایی و بەتایبەت هەبوونی جۆرە لێڕەوارێکی گیایی و هەرێمی، ژیانی گیانلەبەران لەو پارێزگایەدا تایبەتە.
٣٥ جۆر گواندار، ٥٠ جۆر خزۆکە (خزندە)، ٢٠٠ جۆر باڵندە و لانیکەم ٦ جۆر گیانلەنەری دووژیانە(دوزیست)، لە ژینگەی پارێزگای کوردستاندا دەژین.
بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی ژینگەی پارێزگای کوردستان، بە هەواڵدەریی \'\'ئیلنا\'\'ی وتووە: تێکڕووخاندنی ژینگە و قاچاخ کردن و روای لەرادەبەدەر، لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەناوچوونی ئەو گیانلەبەرە بوومییانەیە و لەو نێوەشدا ژیان و ژینگەی کۆمەڵێک گیانلەبەری دیکەی وەکوو کەو و کەروێشکیش لەبار نییە و بەهۆی راوی لەرادەبەدەر مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
رێژیمی ئێران و ناوەندە پێوەندیدارەکانی پاراستنی ژینگە، لە باری پاراستنی ژینگەی کوردستانەوە کەمتەرخەمن و کەمترین بەربەرست بۆ راوچییان دروست دەکەن و لە هەندێ ناوچەشدا زۆربەی راوچییەکان کەسانێک لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمن کە بەبێ هیچ چەشنە پێشگیرییەک رەوتی راوکردنی ئاژەڵ و گیانلەبەر بوومییەکانی کوردستان درێژە پێ دەدەن.