کوردستان میدیا: کۆمەڵەکانی کولتووری زاگرۆس و کوردستان، بە بۆنەی جێژنی نەورۆز، لە وڵاتی بلژیک، ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە، ٣ی خاکەلێوە، بە هاوکاریی کۆمەڵەکانی کولتووریی زاگرۆس و کوردستان، لە وڵاتی بلژیک، بە بەشداریی سەدان کوردی دانیشتووی و میوانانی خەڵکی ئەو وڵاتە، لە شاری ئانتوێرپێنی ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێورەسمەکە، بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب"، لە لایەن هونەرمەندانی بەشدار لە جێژنەکە پێشکەش کرا و دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان ڕاگیرا.
لە بەشی یەکەمی رێورەسمەکەدا، سەرەتا سروودێک بە بۆنەی نەورۆز لە لایەن هونەرمەندانەوە پێشکەش کرا.
پاشان پەیامەی هاوبەشی هەر دوو کۆمەڵەی کولتووریی زاگرۆس و کوردستان، لە لایەن ''ئیبراهیم خودامورادییەوە ''خوێندرایەوە.
هەروەها پەیامی فیدراسیۆنی کوردی "BENELUX"، لە لایەن ''خاتوو کارێن ڕەشیدۆڤا''وە پێشکەش کرا.
لە نێوەڕۆکی هەر دوو پەیامەکەدا، وێڕای ئاماژەدان بە گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بە هەستیاربوونی قۆناغی خەباتی نەتەوەی کورد، لە هەر ٤ بەشی کوردستاندا، داوا کرا لەگەڵ پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی، هەوڵ بدرێت کورد ببێتە فاکتەرێکی گرینگ لەم گۆڕانکارییانەدا.
لەم ڕێوڕەسمەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە ئەرکێکی مێژوویی کەوتووەتە سەر شانی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان، کە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی بەرزی نەتەوەیی کورد، کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا بە سەرکەوتن دەرباز بکەن و بۆ نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکاندا بەپێی تایبەتمەندیی خەباتی هەر بەشێکی نیشتمان دەسکەوتی باشییان هەبێت.