کوردستان میدیا: بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە مێژوویییە، لە وڵاتی بلژیک، ڕێوەڕسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە، ١ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێورەسمێکی بەشکۆ بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، چەندین کەسایەتی و نوێنەری کۆمەڵە مەدەنی و حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان. لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو.
ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە وڵاتی بلژیک، بە سروودی دوژمنبەزێنی "ئەی ڕەقیب"، لە لایەن "گرووپی موزیکی کابۆک" پێشکەش کرا و پاشان خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان بەتایبەت ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە گیانی پاکیان لە پێناوی کورد و کوردستان و بەتایبەتیتر شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندرا.
بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پێشکەشکردنی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەرخان کرابوو، کە لە لایەن کادری دێرین و پێشمەرگەی فیداکاری حیزب، "حوسێن باقریـ"ـیـەوە پێشکەش کرا.
ناوبراو لە پەیامی کۆمیتەدا، وێڕای باسکردن لەسەر مێژوو و هۆکارەکانی دیاریکردنی ئەو ڕۆژە، وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان؛ باسی لە قارەمانیەتی و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی پێشمەرگە وەکوو باسکی بەهێزی گەل لە بەرەوپێشچوونی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان کرد.
ناوبراو لە پەیامەکەیدا، ئەو ڕوڵ و فیداکارییانە لە لایەن گەلی کوردستانەوە و وەک نموونە، پشتیوانیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات لە ٢١ی خەرمانان بۆ وڵامدانەوە بە داخوازیی حیزب و لایەنەکانی دیکەی کوردستانی و بەرزڕاگرتنی شەوی یەڵدا، وەک ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری ناوازە و ناوداری گەلی کورد، شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووی بەرز نرخاند.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، لە لایەن "ناسک نەسیرزادە"، بەرپرسی کۆمیتەی ژنانەوە لە وڵاتی بلژیک، پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پارچەشێعرێک لە لایەن، "نادر ئەڵڵایاریـ"ـیەوە، کادر و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشکەش کرا.
بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز، لە بلژیک، تەرخان کرابوو بۆ ڕێزلێنان لە خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسانەی کە ڕۆژگارێک وەکوو پێشمەرگە، لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێکۆشانیان هەبووە.
ئەم ڕێزلێنانە لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بلژیکەوە ئامادە کرا و پێشکەش بەو چەند تێکۆشەرە کران.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، پارچە پەخشانێک لە لایەن پێشمەرگەی فیداکار "هەژیر نادری" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، هەروەها پارچەشێعرێکی تایبەت بە پێشمەرگە لە لایەن "سەردار حوسێنی" پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزب پێشکەش به بەشداربووان کرا.
بەشی کۆتاییی جێژنی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە مۆزیک و دەنگی خۆشی هونەرمەندان، "ساکۆ سوڵتانی، ئازاد مستەفاپوور، بەڵێن و دانیاڵ عەلیپوور"ەوە ڕازێندرایەوە.