کوردستان میدیا: جێژنی ٢ی ڕێبەندان، ٧٣ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.
ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی ، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ تایبەت به ٢ی ڕێبەندان و بەشداریی بەرچاویی دانیشتووانی دەڤەری ڤەنکوڤەر لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکه بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی کومیتە لە لایەن بەرپرسی کومیتە، هاوڕێ "دیاکۆ خەیات"، پێشکەش کرا.
خەیات، لەو پەیامەدا وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی گرینگی کومار لە گەڕاندنەوەی کەرامەت و شوناسی نەتەوەیی کورد و کارتێکەرییەکانی لە سەر جووڵانەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لێکدایەوە و جەختی کردەوە کە جووڵانەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد لەو پارچەیە دەربازی قۆناغێکی نوێی مێژوویی و ستراتیژیک بووە و تەنیا ڕێگەی ڕزگاری و سەربەستی، بەشداریکردنی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لە جوڵانەوەدایە.
پاشان بە ئاماژە بە ڕەهەندەکانی ڕاسانی رۆژهەڵات، باسی لەوە کرد کە شکستپێهێنانی سیاسەتی ترس کە لە لایەن ڕێژیمەوە بەردەوام کەڵکی لێ وەرگیراوە لە ئەولەوییەتی ئامانجەکانی ڕاساندایە.
ناوبراو لەو پەیامەدا هەروەها باسی لە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی چالاکییەکانی پێشمەرگە لە سەر تێکشکاندنی ئەفسانەی بەهێزبوونی دوژمنی داگیرکەر و ورەبەخشین بە خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان کرد.
لە کۆتایی پەیامەکەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات، داوا لە هەموو کوردستانییانی ڕۆژئاوای کانادا کرا کە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت یارمەتیدەری جووڵانەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، چەند پارچە شێعرێکی پڕنێوەڕۆک و نیشتمانپەروەرانە لە لایەن هاوڕی "حیکمەت قولیزادە" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
هەر بەو بۆنەیەوە لە لایەن چەند ڕێکخراوی کوردستانییەوە برووسکەی پیرۆزبایی نێردرابوو کە بریتی بوون لە:
پارتی دێموکراتی کوردستان
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
لە کۆتاییدا، ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی لە لایەن هونەرمەندان "موزەفەر مەحموودی"، "موحسین پاڵانی" و "سولەیمان یووسف" کۆتایی پێهات.