کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ماساڵی خەبەتکاری سیاسیی ئێرانی پشتیوانی لە ڕاسانی حیزبی دێموکرات دەکات

17:54 - 21 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: حەسەن ماساڵی، کەسایەتیی ناوداری سیاسیی ئێران لە نامەیەکەدا بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، پشتیوانیی خۆی لە دەسپێكی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

دەقی نامەکە:

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوخەباتانی بەڕێز و تێکۆشەر!


نامەی ئێوەم ڕوو لە خەڵکی ئازیزی ئێران خوێندەوە و وەکوو هاووڵاتییەکی ئێرانی و وەکوو تێکۆشەرێکی سیاسی کە چەند ساڵ شان بە شانی ئێوە و بە پشتیوانیی شەهید دوکتور قاسملوو و هەموو ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، درێژەم بە خەباتی خۆم لە ناوچەی کوردستان دابوو، و سەبارەت بە زۆرێک لە ڕێبەران و تێکۆشەرانی کورد، ناسیاویی هەمە لایەنەم هەیە، بەو پێیە ڕادەگەێنم:

لەگەڵ ناوەرۆکی نامەی ئێوە هاوڕام و لەو بڕوایەدام کە هەرچی زووتر دەبێ بە دڵنیایی و ناسیاویی بەرانبەر، بۆ یەکگرتوویی و هاوپەیمانییەکی ڕێکخراوەیی ـ سیاسی ـ خەباتکارانە، لە سەراسەری ئێراندا هەوڵ بدەین و هێزێکی بەهێز لە سەراسەری ئێراندا پێک بێنین، کە نەتەنیا ڕێژیمی فاشیستیی دەسەڵاتدار بڕوخێنین، بەڵکوو بە گەڵاڵە و بەرنامە، هێزی سیاسیی جێگیر و خواستی خەڵکی سەراسەری ئێران پێک بێنین، و گەڵاڵەی بەرنامەی سازەندگی و گەشەپێدانی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی مرۆیی و دێموکراسیخوازی و لابردنی هەڵاواردن جێبەجێ بکەین.

لەو بڕوایەدام کە بە ڕێکخستنی خەباتی ڕزگاریخوازانە لە سەراسەری ئێراندا، خەڵکی ئێران لە مۆڕە دەرفەتخواز و دواکەوتووەکان کە هەنووکە ڕۆڵێکی تێکدەرانەیان لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا هەیە، ڕزگار بکەین.

بە پێکهێنانی دەسەڵاتی خەبات و خەڵکی لە سەراسەری ئێران، دەتوانین لە بەرانبەر دەسەڵاتە سیاسییە تەجاوزگەرە بیانییەکانش خۆڕاگری بکەین و بەستێنی هاوکاری لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان ئامادە بکەین.

بەو پێیە ئامادەبوونی خۆم بۆ وتووێژی حزووری و بەشداری لە خەباتی ئامانجدار، بە بەرنامە و هەمەلایەنە دەردەبڕم.

پێشنیارەکانی خۆم لە بارەی ڕێکارە سیاسی ـ تەشکیلاتی ـ خەباتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا بۆ ئێوە دەنێرم.

وێڕای ڕێز

حەسەن ماساڵی

٩ی ئاگۆستی ٢٠١٦ی زایینی