کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بەگومان بوونی خۆی لە سەر ڕێککەوتنی ناوکی دەربڕی

18:46 - 30 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: عەلی خامنەیی لە وەڵامی نامەی حەسەن ڕووحانی‏دا، بەگومان بوونی خۆی لە ئەنجامی وتووێژە ناوکییەکان و لابردنی گەمارۆکان دەربڕی.

لە نامەکەی خامنەییدا هاتووە؛ لەم دانووستانەدا تێچووی زۆر و قورسمان داوە و لێدوانی هەندێک لە سیاسەتڤانانی ئەمریکایی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جێگەی گومانە، بۆیە پێویستە ئاگاتان لە پێبەندبوونی لایەنی بەرامبەر بە بەڵێنییەکانیان بێت.

حەسەن ڕووحانی لە نامەکەیدا بۆ عەلی خامنەیی نووسیبوی: پیتاندن وەکوو گرینگترین باشی بەرنامەی ناوکی لە ڕێڕەوێکی کامڵ بوودا درێژەی دەبێت و لە بەرنامەیەکی تۆکمەدا ئێران دەبێتە یەکێک لە بەرهەمهێنەرە نێونەتەوەییەکانی سووتەمەنی ناوکی.

پێشتریش خامنەیی لە مانگی ڕەزبەردا بۆ پەسندی ڕێککەوتننامەی ناوکیی ڤیەن، وێڕای دەربڕینی گومان لە ڕەوتی دانووستاندنەکان، بڕیاری‏دابوو کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ چاودێری بەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنییەکانی لایەنی بەرامبەر لە لایەن شوورای بەرزی ئەمنییەتی نەتەوەییەوە دابمەزرێت.

لێدوانەکانی خامنەیی لە کاتێکدا بڵاو بوونەوە کە، دوابەدوای لابردنی گەمارۆکان، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا خولێکی نوێ لە گەمارۆکانی بەدژی ١١ کەسایەتیی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی پەسند کرد و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتووشدا ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت.