کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی لە هەمووان پاڕایەوە کە لە شانۆی هەڵبژاردندا بەشدار بن

23:06 - 19 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی، پاش بە گرینگ ناوبردنی بەناوهەڵبژاردنەکانی مەجلیس و مەجلیسی خوبرەگان، دەڵێ کە مەجلیسی خوبرەگان دەبێ کەسێک بکاتە ڕێبەری ڕێژیم کە لە درێژەی هێڵی خومەینی‏دا بێ.

ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار، وەک عادەتی چەند ساڵەی خۆی، خامنەیی سەردانی قومی کرد و لەگەڵ ئاخوند و ئایەتوڵڵاکانی ئەوەێ کۆبووەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، خامنەیی لە قسەکانی خۆیدا لە کۆبوونەوەی قومدا، ئاماژەی بە گرنگیی مەجلیسی کارتۆنیی خوبرەگان کردووە کە گوایە ئەو مەجلیسە دەسەڵاتی دیاریکردنی ڕێبەری ڕێژیمی هەیە و لە دوای خامنەیی، ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگان دەتوانن کەسێک هەڵبژێرن کە دژی دوژمنانی ڕێژیم و لە هێڵی خومەینی‏دا بێ.

ماوەیەکە سەرانی ڕێژیم بۆ نیشاندانی گرینگیی بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و مەجلیسی خوبرەگان، باس لە دیاریکردنی ڕێبەری ڕێژیم لە دوای نەمانی خامنەیی دەکەن، تاکوو کەشێکی ئێحساسی دروست بکەن کە گوایە هەڵبژاردنی ئەم جارە هەڵبژاردنێکی گرینگە و بەم شێوەیە خەڵک بۆ بەشداری هان بدەن.

خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا، بە پاڕانەوە و نزاکردنێکەوە کە لە تەمەنی ڕێژیمدا کەم وێنە بووە، دەپاڕێتەوە لە خەڵک کە بەشداریی لە شانۆگەریی هەڵبژاردندا بکەن و دەڵێ؛ تەنانەت ئەوانەی ڕێژیمیشیان قبووڵ نیە، بۆ پاراستنی وڵات لە هەڵبژاردندا بەشدار بن.

خودی ئەم پاڕانەوەی ڕێبەری ڕێژیم، کە دەڵێ بەشداری لە هەڵبژاردن تەنانەت گەر دژی خامنەییش بن، بۆ پاراستنی یەکپارچەیی وڵات پێویستە، نیشانەی بێ‏نێوەڕۆک بوونی هەڵبژاردنەکانە کە بە تکا و لاڵانەوە دەیانەوێ خەڵک بۆ بەشداری هان بدەن.

لە لایەکی دیکەوە نیشان‏ دەدەدا کە ڕێژیم هیچ ڕەواییەکی نێوخۆیی نەماوە و لە دەرەوە و نێوخۆ لە مەترسیدایە و دەیەوێ بە هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لەم شانۆگەریدا، هەم ڕەوایی وەدەست بێنێتەوە و هەم خۆی و ڕێژیمەکەی لە مەترسییەکان بپارێزێ.