کوردستان میدیا

پێنجشەممه 26ی خاکەلێوه 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆسازدانی بۆ ته‌سلیمبوون

17:25 - 15 رەشەمه 2720

کەریم پەرویزی

له‌ نێوه‌ڕاستی هاوینه‌وه‌ ئیدی ناوه‌نده‌ فیكری و لێكۆڵینه‌وه‌كان بۆیان ڕوون ببوویه‌وه‌ كه‌ دانڵد ترامپ و كۆمارییه‌كان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئامریكا ده‌دۆڕێنن و سه‌رۆكی داهاتوو بایدێن ده‌بێ. وڵاتانی جیهانیش خۆیان بۆ ده‌وره‌ی دوای ترامپ ئاماده‌ ده‌كرد. به‌تایبه‌ت ئورووپاییه‌كان زۆر گرینگییان به‌ لێدوان و قسه‌كانی ترامپ نه‌ده‌دا و خه‌ریكی خۆسازدان بۆ دوای ترامپ بوون.

به‌ڵام كۆماری ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ خۆی بۆ دوای ترامپ ساز ده‌كرد، كه‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌موو سیاسه‌ت و تێگه‌یشتنی مرۆڤایه‌تی!

ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌یزانی كه‌ هاتنه‌ سه‌ر كاری هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دێموكرات به‌ واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ناكاو هه‌موو دەرگایه‌كی به‌ڕوودا بكه‌نه‌وه‌ و هه‌موو گه‌مارۆكان لاببه‌ن، به‌ڵكوو لابردنی گه‌مارۆكان ده‌خرێته‌ نێو لیستی دانوستانه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ به‌ ده‌ستی پڕه‌وه‌!! بڕواته‌ ده‌ورانی دوای ترامپ و پشتی مێزی وتووێژ، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ و ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی له‌ ناوچه‌ زیاد كرد و هه‌نگاوه‌ دژه‌یاسایی و دژه‌ڕێككه‌وتنه‌كانی له‌ بواری ناوكی توندتر كرد و ته‌نانه‌ت فلێزی ئۆرانیۆمیشی به‌رهه‌م هێنا كه‌ ته‌نیا بۆ چه‌كی ناوكی به‌كار دێ و هیچی دیكه‌.

ئه‌مانه‌ بۆ سه‌ر مێزی وتووێژ و دانوستاندن بوون تاكوو له‌ كاتی ته‌سلیمبوونی به‌ ئامریكا و ئورووپای دووباره‌ لێكنزیكبووه‌وه‌دا، هه‌ندێ ئیمتیازیش وه‌ربگرێ.

به‌ڵام هه‌م ئورووپا و ئامریكا، مه‌رجی زۆرتری به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن و هه‌م دونیاش گۆڕاوه‌. كۆماری ئیسلامی ناچار ده‌كرێ له‌ هه‌ندێ به‌شی دیكه‌ش پاشه‌كشه‌ بكا و له‌ڕاستیدا ده‌بێ بڕواته‌ پشت مێزی ته‌سلیمبوون، به‌ڵام ئه‌م ته‌سلیمبوونه‌ی به‌ جیهان، له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌دان میلیارد دۆلار زه‌ره‌ری به‌ خه‌ڵك و ئابووریی ئێران گه‌یاندووه‌ و وڵاتی به‌ته‌واوی وێران كردووه‌ و ته‌سلیمبوونی دره‌نگوه‌ختی، پرسیاری زۆر له‌ نێوخۆ دروست ده‌كا. ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ له‌ نێو خه‌ڵكانی ئێران و نه‌ته‌وه‌ سته‌ملێكراوه‌كاندا دروست ده‌بن، ڕێژیم ده‌ترسێنێ و بۆ پێشگرتن به‌و پرسیارانه‌ و ترسی له‌ وه‌كوڵهاتنی كۆمه‌ڵگا له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا، له‌ چه‌ند مانگ پێشه‌وه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌ سه‌ركوت و دڕنده‌یی ڕووتتر له‌ جاران و له‌ نێو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و له‌ به‌لووچستان و له‌ كوردستان به‌وپه‌ڕی هارییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌ت ده‌كا.

كۆماری ئیسلامی هه‌ر وه‌ك هاوینی ١٣٦٧ كه‌ ته‌سلیمی مه‌رجه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بوو، له‌ نێوخۆ ده‌ستی كرد به‌ كوشتاری زیندانیانی سیاسی، له‌ ئێستاشدا كه‌ خۆی بۆ ته‌سلیمبوون به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌  ساز ده‌كا، ئاماده‌سازییه‌كانی له‌ نێوخۆ به‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ هه‌م خه‌ڵك زیاتر سه‌ركوت بكا و هه‌م خۆی یه‌كده‌ستتر بكاته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی لێی تێنه‌گه‌یشتوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ جیهان و ناوچه‌ له‌ دۆخی سه‌رده‌می ڕێككه‌وتنامه‌ی به‌رجامدان و ته‌سلیمبوونی دیكه‌یان لێی ده‌وێ، هه‌م دۆخی نێو ئێران و له‌ نێو نه‌ته‌وه‌كانی ئێراندا وه‌كوو سه‌رده‌می ساڵی ١٣٦٧ نییه‌ و كۆمه‌ڵگا‌ به‌ توندی خه‌ریكه‌ ده‌كوڵێ!