کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ڕاپەڕینەکانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو

10:46 - 25 خەزەڵوەر 2720

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی چالاکانی ئازادی بۆ ئێران خۆپیشاندانێکیان بەبۆنەی ڕاپەڕینەکانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵەوەر لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی چالاکانی ئازادی بۆ ئێران کۆبوونەوەیەک لەبەردەم کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هامبورگ پێکهات.

لە خۆپیشاندانەکەدا کە بەبۆنەی ساڵیادی سەرهەڵدانەکانی کوردستان و ئێران لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی ڕێکخرابوو، "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی هەرێمی ئورووپای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و دواتریش چەندین پەیام بەو بۆنەوە خوێندرانەوە.

نەقشبەندی لە قسەکانیدا وێڕای ڕێزگرتن لە شەهیدانی خەزەڵوەر و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی، پاڵپشتیی حیزبی دێموکراتی بۆ خەڵکی ئازادیخواز ومافویستی کوردستان و ئێران دەربڕی و هاوکات داوای لە کۆڕ و کۆمەڵەکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و دەوڵەتان کرد کە لەهەمبەر جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن.

شەهریار نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕووی لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران کرد و گوتی لە کاتێکدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەکەوێتە پەراوێزەوە و لەگەڵ شکست و قەیرانی ئابوری و ناڕەزایەتی بەرینی گەلانی ئێران ڕووبەڕوو بووەتەوە، جێگای خۆیەتی کە حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی باوەڕمەند بە دێموکراسی و یەکسانی زیاتر لە دەوری یەک کۆببنەوە و لەبەرەیەکی یەکگرتووی هاوبەشدا و لەپێناو ئازادکردن و دێموکراتیزە کردنی ئێران و دابینکردنی مافی ڕەوای نەتەوە ستەم لێکراوەکان خەبات و تێکۆشانیان دژی رژێمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی چڕتر بکەن.

خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو و لە ئاکامی لەناکاو بەرزکردنەوەی نرخی بێنزین لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرهەڵدان و خۆپیشاندانی جەماوەریی سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە کە ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر دڕندانە بەرەوڕووی خۆپیشاندەران بووە و زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە کوردستان و ئێران شەهیدبوون و بەهەزاران کەسیش برینداربوون و گیران و بێ سەروشوێن کران.

جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە خۆپیشاندانەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کاردانەوەی توندی بەدواداهات و لە نوێترین هەوڵەکان، دامەزرانی دادگای نێودەوڵەتی خەڵکییە کە چەند ڕێکخراوەیەکی مافی مڕۆڤ دایانمەزراندووە و بڕیارە لە ڕێبەندانی ئەمساڵ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری لاهەی هولەند لێکۆڵینەوە لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو بکات.

 بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دادوەرەکانی دۆسیەی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو خەڵکی وڵاتەکانی "ئافریقای باشوور، ئامریکا، ئەندۆنزی، بریتانیا، لیبی و کانادا"ن کە خۆبەخشانە و بە مەبەستی گێڕانەوەی مافی پێشێلکراوی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان چالاکی دەکەن و بەشێک لەو دادوەرانەش ئەزموونی هاوکاریی دادگاکانی لێکۆڵینەوە لە جینایاتی جەنگیی حکوومەتەکانی وەک یۆگوسلاڤیای پێشوو، کۆزۆڤۆ، ئەندونزی و کامبۆجیان هەیە.