کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەو ڕێژیمە لە شاری کۆپێنهاگ بەڕێوە چوو

11:57 - 29 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و مەحکوومکردنی هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام، لایەنگران، دۆستانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەندام لە ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ھەروەھا کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی کورد و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران  لە شاری''کۆپێنھاگ'' خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی " ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی  کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەکە، ''ئەحمەد ڕەحمانی'' مەبەستی سەرەکیی ئەم خۆپیشاندانەی خسرایە بەر باس.

لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئەم خۆپیشاندانەدا پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیسی و فارسی لەلایەن "عەلی وەتەمیشی"، "حەتەم جەهانگیری" و "وریا مەللاک"، نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریدا خوێندرایەوە.

 لە پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هاتبوو کە ئەمە یەکەم جار نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەروەرییەکانی خاکی ھەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، سنوورەکان دەبەزێنێ، دەکەوێتە هەڕەشەکردن لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی. ھەروەھا ھەوڵدان بۆ ئاژاوە دروستکردن لە نێوان خەڵکی ئەم ناوچە سنووریانە و ھێزەکانی دژبەری خۆی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی خۆیدا پێناسەیەکی واقعی لە ماھییەتی خۆی کردووە کە جگە لە زمانی کوشتن و تیرۆر و تاوان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ھیچی تر نازانێ و بۆیە کەوتووەتە نێو قەیران و ناسەقامگیری ناوچەیی و جیھانی.

لەو پەیامەدا هەتووە کە ئەم پەلامار و ھێرشانەی کە ماوەیەکە بۆ سەر ھێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات لە ناوچە سنووریەکان دەستی پێکردووە درێژەی ھەمان سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆیەتی بەرامبەر بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. بەڵام ئەوەی کە لە مێژووی ئەم ٤٣ ساڵەدا خوێندنەوەو لێکدانەوەیەکی واقعی بۆ دەکرێ نە ئەو جۆرە فشار و ھێرش و پەلامارانە بۆ سەر بنکە و بارگا و کەمپەکانی ھێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات کاریگەری نەرێنی نەبووە، بەڵکوو کاریگەری ئەرێنی بەسەر ورە و باوەڕی ئەم ھێز و لایەنە سیاسییانە کوردستانی ڕۆژھەڵات ھەبووە و  مەکۆی خەباتی قایمتر و پتەوتر کردوون.

لە پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کورستانی ئێراندا ئاماژە بە قەیرانە ناوخۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابوو، لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی خۆیدا ھەرگیز بە دوا چارەسەرێکی مەنتقیدا نەبووە بۆ ئەم قەیرانانە و بە خۆدزینەوە ویستوویەتی ئەم باروودۆخەی پەردەپۆش بکات.

 هەتا دێت کۆماری ئیسلامی لەبەر چاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و جیھانی لە ھەمبەر ئەو کارانەی خۆی کە کارنامەیەکی ڕەشن بە نێوچاوانی دەسەڵاتی ئەم چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی.

هەروەها لەو پەیامەدا باس لەوە کراوە، ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەموو کاتێک زیاتر کەوتووەتە ژێر گوشاری کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و زیاتر دەستێوەردان لە وڵاتانی دەورووبەروو پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی، کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی ھەموو ئەو قەیرانە ناوخۆیی و جیھانیانە دەیەوێ زمانی فشار و ھێرش و پەلامار بەکار بێنێ.

دوا بەشی پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مەحکوم کردنی ئەو هەڕەشە و هێرشانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو.

ھەروەھا داوای لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات لە ئاست ئەم ھەڕەشە و فشارانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەو زیادەڕۆیی و پێشێلکارییەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابنێن و هەڵوێستی شیاوی خۆیان بەکردار بکەن و لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کۆماری ئیسلامیدا بوەستنەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و نوێنەرایەتیی ڕۆشنبیرانی کورد لە دانمارک پێشکەش کران.

 ئەوەی شایانی باسە لەم خۆپیشاندانەدا چەندین دروشمی "کوردی، فارسی و دانمارکـ"ـی ل لایەن بەڕێوەبەری ئەم خۆپیشاندانە و بەشداربووانەوە خوێندرانەوە و سروودە شۆڕشگێڕییەکان ھێندەی تر  حەماسەتیان خستە ناو دڵی بەشدارانی خۆپیشاندانەکە.

دوا بابەتی ئەم خۆپیشاندان و گردبوونەوە جەماوەریە چەند وتەیەک بوو لەلایەن "سلێمان کەڵەشی" بە نوێنەرایەتی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سپاسی بێ پایانی ئەو خەڵکەی کرد کە لە ڕێگای دوور و نیزیکەوە ھاتوون بۆ بەشداریکردن لەم خۆپیشاندانەدا، لە ھەمانکاتیشدا ناوبراو جەختی کردووە لەسەر تەبایی و گیانی ھاوکاریی ھیز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد و ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە ھەنگاوێکی باشزانی و ھیوای ئەوەی خواست  کە ھەرچی زیاتر کار بکرێ بۆ یەکیەتی و گیانی تەبایی ھێز و لایەنە سیاسییەکان کە ببێتە وڵامدەری خواستەکانی خەڵکی کورد بە گشتی و خەڵکی کوردستانی ڕۆژھەڵات بە تایبەتی.