کوردستان میدیا: لە شاری هامبورگی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بەمەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانیی سیاسی و خەباتی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو.
لەم خۆپێشاندانە کە لە ڕۆژی شەممە، ۲٦ی گەلاوێژ و لە لایەن ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێرانەوە ڕێکخرابوو، کۆمیتەی ناوچەی هامبورگی سەر بە کۆمیتەی گشتیی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی تێدا کرد و پەیامێکیان بە زمانی فارسی پێشکەش کرد.
لە پەیامەکەی کۆمیتەی ناوچەی هامبورگدا هاتبوو کە: " چل ساڵ لەمەو پێش و لە ڕۆژێکی وەهادا، خومەینی لە دژی گەلی کورد فتوای جیهادی دا و لەو کاتەوە ماشێنی سەرکوتی ڕێژێم لە دژی گەلی کورد بە ڕێگای جیاجیاوە هەروا بەردەوام بووە."
ڕێژیمی دژە گەلیی ئیسلامی ئێران، کوشتاری بەکۆمەڵی چەشنی کوشتاری هاوینی ساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی، کە پێشتریش لە ساڵەکانی ٦٠، ٦١و ٦٢ لە کوردستان ئەنجام داوە و لە جۆزەردانی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاویشدا ٥۹ لاوی بێتاوانی شاری مەهابادی بەبێ دادگایی گولـلە باران کرد و لە کوشتاری ساڵی ۱۳٦۷ی هەتاویش بەشێک لە قوربانیانی ئەو کوشتارە لاوانی کوردبوون.
هەر ئێستاش بەشی هەرە زۆری زیندانیانیی سیاسیی ئێران له لاوانی کورد پێکهاتوون و ئەو ڕێژێمە جەنایەتکارە بە شێوازی سیستماتیک لە هەوڵی ئاسێمیلە کردنی نەتەوەکەمان و زیاتر داگیرکردنی کوردستان و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەییمانە.
هەربۆیەش وێڕای هەموو ئازادیخوازان هەوڵی ڕووخانی ڕێژیم و بەسزاگەیاندنی تاوانباران لە دادگایەکی نێودەوڵەتی ئەدەین و بۆ ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدڕاڵ خەبات دەکەین.