کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی ناڕازیی یارسان لەبەردەم ئوستانداری كرماشان كۆبوونەوە

17:59 - 19 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكی یارسان و هاووڵاتیانی شارەكانی دەورووبەریی كرماشان لەبەردەم ئوستانداری ئەو شارە كۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، خەڵكی بە كۆبوونەوەیان لەبەردەم ئوستانداری كرماشان پشتیوانی خۆیان لە خەڵكی یارسان دەربڕیوە و خوازیاری وڵامدانەوەی رێژیمی ئێران بە بێ‌رێزی کردنەكانی بە ئایینی یاری بوون.
لەو كۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا جێگری ئوستانداری كرماشان قسەی بۆ خەڵكی كردووە و پاساوی بێ‌بنەمای بۆ كارەكانی رێژیم هێناوەتەوە.
رێژیمی ئێران بەمەبەستی سەركۆتی ناڕازییان و سەرهەڵدانی هەر چەشنە ئیعترازێك هێزێكی زۆری یگان ویژەی رژاندۆتە دەورووبەریی شوێنی كۆبوونەوەكە.
هاووڵاتیانی شارەکانی سەحنە، کرماشان و هەمەدان و چەندین شاری دیکە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارن.

چەند رۆژ لەمەوبەر كۆمەڵێك لە چالاكانی یارسان لەبانگەوازێكدا داوایان لە خەڵكی بوێری و چاونەترسی كوردستان و بەتایبەتی ئوستانی كرماشان كردبوو كە لەهەمبەر ئەو زوڵم و ناعەداڵەتیانەی كە دەسەڵاتی سەركوتكەری ئیسلامی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا كردوویانەتە سەریان بێدەنگ نەبن و كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وەرێ‌بخەن.