کوردستان میدیا: بە مەبەستی مەحکووم کردنی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندانێکی بەرینیان لەبەردەم پارلەمانی سوید بەڕێوە برد.
ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاوکاریی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە سوید و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە بەردەرکی پارلەمانی سوید بە بەشداری خەڵکیکی بەرچاو خۆپێشاندانێکیان بە مەبەستی مەحکوومکردنی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزب و ئیدامی زیندانیانی سیاسیی کورد ئەنجام دا.
سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد.
لەو خۆ پێشاندانەدا چەندیین پەیام خوێندرایەوە کە بریتین:
ـ پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان
ـ پەیامی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ـ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی
ـ پەیامی کۆمەڵه ـ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ـ پەیامی ئەندام پارلەمانی سەر بە سۆسیال دێموکراتەکانی سوید
ـ پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کوردستان
شایانی باسە له هەمووی ئەو پەیامانەدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرا، لە هەمان کاتدا داوا لە حکوومەتی سوید و هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکانی جیهان کرابوو کە لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی و پێشیلکردنی مافی مرۆڤ بێ هەڵویست نەبن و دەسدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەباتکارانی ڕۆژهەڵات مەحکووم بکەن.
لە بڕگەیەیکی دیکەی ئەو خۆ پێشاندانەدا هوونەرمەدی ناسراوی نەتەوەکەمان ناسری ڕەزازی سروودی ئەی شەهیدانی پێشکەش کرد.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا خۆپیشاندران سپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بە دەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن و بە یەک هەڵوێستی جارێکی دیکە سیاسەتی زەبرو زەنگی کۆماری ئیسلامی و هێرش بۆ سەر شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەن مەحکووم کردو بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی.