هیوا کوردی
لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانیش چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە هەبووە. بەڵام کە کۆمەڵگاکان بەرەو وەرزێڕی و پیشەسازی ڕۆیشتن ستەمە جۆراجۆرەکان زۆرتر سەریان هەڵدا. ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەگەزی و ... . بەرداشتی ڕووکەش لە ئایین ئەم ستەمانەی قووڵتر کردەوە.
کۆمەڵگای کوردستان وەک کۆمەڵگاکانی تر ئەم ستەمە جۆڕاجۆرانە تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. بەشێک لەم ستەمانە وەک زۆرداریی ڕەگەزی لە هەناوی فەرهەنگی کۆمەڵگا هەڵقووڵاون. داگیرکەرانی کوردستان بە یاسا و ڕێسا دواکەوتووەکان چەسانەوەی نەتەوەیی و ڕەگەزییان قووڵتر کردووە.
بەشێک لە چەوسانەوەکان وەک چەوسانەوەیی نەتەوەیی دوای دابەشبوونی کوردستان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان بەڕێوە چووە و هەر وا درێژەی هەیە.
حیزبی دێموکرات لەسەر ئەساسی لابردنی ستەمە جۆراوجۆرەکان وەک نەتەوەیی و چینایەتی و ڕەگەزی دامەزرا . لە یەکەمین بەرنامەی حیزبدا باسی ماڤی نەتەوەیی ، ژنان کرا. زۆر بە ڕوونی چەوسانەوەیی نەتەوەیی بۆ خەڵک شی کراوە و بەرنامەیحیزب بوو به چەترێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری حیزب بۆ خەبات بە دژی ئەم زۆردارییانە. بۆ نموونە پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرکۆماری کوردستان بواری دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی پێک هێنا. خێزانی ئەو لەم بارەوە پێشەنگ بوو. ژنان کە ئەو کاتی کۆماری کوردستان سەدی نەود و پێنجی نەخوێندەوار بوون لە بواری جۆراجۆر دا چالاکیان دەنواند.
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و لە کوردستان بە تایبەتی بیری چەپ زاڵ بوو و لە شۆڕشەکانی کوردستانیش ڕەنگی دابۆوە.حیزبی توودە لە ئێران هژموونی زۆر بوو. کوردستان دوای ڕووخاندی کۆمار هەم لەباری هزری و هەم ڕێکخستن لە ژێر کاریگەریی توودە دابوو. تا کۆنفڕانسی دووهەم حیزبی دێموکرات لەباری ڕێکخستن و گوتارەوە بەشێک بوو لە حیزبی توودە
دوکتور قاسملوو لە ناوەندی ڕا کتێبی چەپی دەخوێندوە .مامۆستاکەی کتێبی مارکس و ئێنگلسی وێ دەدا و دوکتور بە تامەزروویی دەخوێندەوە. لە دوا ناوەندی لە تاران لە باری گوتار و ڕێکخستنەوە لە ژێر کاریگەریی حیزبی توودە دابوو.
دوکتور قاسملوو کەسێکی ڕەخنەگر و داهێنەر بوو. گوتاری چەپی بە وردی دەخوێندەوە و ڕەخنەی لێ دەگرت. جەمسەربەندیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا شەڕی سارد لەنێوانیاندا هەبوو. لە جەمسەری ڕۆژهەڵات گوتاری چەپی لنین مارکسیستی بە نوێنەرایەتی مۆسکۆ زاڵ بوو. دیارە حیزبی توودە شاخەیەک بوو لە مۆسکۆ. ڕەخنەگرتن لە فەزایەکی ئاوادا وەک ئەوەی وابوو بەرد بە کابە دادەی. دوکتور هاوکات کە لە ژێر کاریگەریی گوتاری توودەدا بوو ،ڕەخنەگرانە ئەم بۆچوونەی ڕەخنەکاری دەکرد و ڕەخنەگرانە هەڵسوکەوتی دەکرد.
دوای کودتای ۲٨ی گەلاوێژ زەبر و زەنگی حەمەڕزا شا زۆرتر بوو و ئەندامانی حیزب کەوتنە فشاری زۆرتر. بۆیە ئەندامەکانی حیزب حاڵەتی نیوە نەهێنایان گرتە پێش . دوکتور قاسملوو ماوەیەک لە ماڵی پێشەوا قازی مایەوە و کتێبخانەی پێشەوا قازی بوو بە قەڵمبازێکی فکری و ڕێکخستنی ناوبراو. ستەمی نەتەوەیی بوو بە کەڵکەڵەی دوکتور قاسملوو. بەوە گەییشت کە بیری توودە بۆ چارە ئەساسی کێشەی کورد وڵام دەر نەبوو .
لە کۆنفڕانسی دووی حیزبی دێموکراتدا کومەڵە کەسێک کۆ دەبەنەوە کە ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە توودووە جیا کەنەوە . دوکتور قاسملوو یەکێک لە ئەندامانی کۆنفڕانس دەبێ .
دوکتور کە لەم کۆنفڕانسە دەنگ بە سەربەخۆیی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە حیزبی توودە دەدا.
دوو حاڵەت بۆ بیری توودەیی دوکتور قاسملوو دێتە پێش :
١ -بەر لە کۆنفڕانسی دوو بە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە خۆی لە بیری توودە جیا کربێتەوە.
۲- دوای ئەوەی بڕیاری لەسەربەخۆیی ڕێکخستنی حیزب لە حیزبی توودە داوە، بیری لەسەربەخۆیی فکریش کردووەتەوە و هەوڵی جیدی بۆ داوە.
چونکە سەربەخۆیی تەشکیلاتی سەربەخۆیی گوتاری بەدوای خۆیدا دێنێ. پێچەوانەکەشی هەیە سەربەخۆیی گوتاری سەربەخۆیی ڕێکخستنیش بە دوای خۆی دا دێنێ.
کێها لەم حاڵەتانە ڕاست بێ، دوکتور قاسملوو دوای کۆنفڕانسی دووهەم بڕیاری کارکردن بۆ سەربەخۆیی هزریشی دەست پێ کرد و خەرێکی داهێنانێکی بێ وێنە بوو. بەڵام ئەم داهێنانە بوێرانەیە پێویستیی بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەیەکی یەکجار زۆر هەبوو.
دەبا چبا بنج و بناوانی کۆمەڵگای کوردستان و پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی ناسیبا. دیارە کە داوتر کوردستان و کورد وەک تێزی دوکتورای خۆی هەڵدەبژێرێ ئەم کارە لە ڕاستای ئەم لێکوڵینەوەیەوە و خوێندنەوەیە دابوو.
لێکوڵینەوە تێروتەسەل لەسەر گوتاری مارکسیستی و لیبراڵیش هەر دەخزمەت خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە لە گوتاری چەپدا بوو. بۆیە دواتر خوێندنی دوکتورایەکەی کە ئابووریی سیاسی بوو ئەم بوارەشی پێکا.
لە ساڵی ۱۹٥٨ کە گوڕانکاریێەکی گەورە لە عێراق و باشووری کوردستان ڕوو دەدات. بارزانیی نەمر لە لە چێک دوکتور قاسملوو دەبێنێ و دوای لێ دەکا بگەڕێتەوە باشوور. بە گەڕانەوەی بارزانی بوار بۆ کوردەکان دەرخسێ. دان بە شەریکبوونی کورد و عەرەب لە عێراق و کوردستان دەهێندرێ.
ئەم ئاڵوگۆڕە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش زۆر دەبێ و هەستی کوردایەتی دەبووژێتەوە. کومەڵێک ئەندامی حیزب بەهۆی زەبر و سەرکوتی لەڕادەبەدەری ناوەندگەرای فاشیستیی تاران ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن. دیارە دوکتور قاسملووش دەگەڕێتەوە.
بە گەڕانەوە و دەست بە خەباتکردنی دوکتور قاسملوو ،کێشەیەک لە نێوان دوکتورقاسملوو و ئەحمەد تۆفیق ڕوو دەدات .هەندێک لێکۆڵەری مێژوویی ئەم کێشەیە دەگەڕێنەوە سەر ئەوە چونکە دوکتور قاسملوو توودە بووە ئەحمەد تۆفیقیش دژی توودە بۆیە ئەم کێشەیە سەری هەڵدا و لە ئەنجامدا دوکتور لە ژێر فشاری ئەحمەد تۆفیق و هەندێک لایەن ناچار کرا عێراق و باشووری کوردستان بەجێ بهێڵێ.
ئەم بۆچوونە بەم بەڵگانەی خوارەوە هەڵەیە:
١-کاتێک دوکتور قاسملوو لە ساڵی ۱۳۳٤ لە کۆنفڕانسی دوو بەشدار دەبێ و دەنگ بە سەربەخۆیی حیزب لە توودە دەدات چۆن دواتر پاشگەز دەبێتەوە؟
۲- دوکتور کەسێکی بە نەزم و دیسیپلین بوو ڕێزەکی گەورەی بۆ بڕیاری بە کۆمەڵ هەبوو. کاتێک لە کۆنگرەی دوو بەشێک لە ڕێبەرایەتی دەیهەوێ ئەحمەد تۆفیق لە حیزب دەرکەن دوکتور قاسملوو دەڵێ: "هاوڕێیان زۆرتر لە هەموو کەس ئەحمەد تۆفیق منی ئازار داوە تەنانەت بە جاسووسی داناوم بەڵام ئێمە بەرنامەیەکمان پەسند کردووە پێش هەمووان دەبێ خۆمان پێی پابەند بین . ئێستا ئەو بڕیارەی ئێوە دەیدەن دژی ئەم بەرنامەیە دەبێ. بچن قسەی لەگەڵ بکەن ئەگەر ڕازی بوو لەم چوارچێوەیە کار بکا ئەوە با بێتەوە. ئەگەریش خوی ڕازی نەبوو ئەو بڕیاری درکردنی لە حیزب دەدەین و بڵاوی دەکەینەوە".
کەوابوو دوکتور قاسملوو یەکەم کەس بووە کە لە حیزبی دێموکرات پابەندی ئوسوول و پڕەنسیپ بووە. ئەگەر کەسێک بڵێ لە بواری بیر و ڕێکخستنەوەی توودە بوو قسەکەی بێ بنەمایە.
۲-دوکتور قاسملوو کەسێکی دیپڵۆمات بوو لەگەڵ زۆربەی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی دژایەتی ماڤی خەڵکی کوردستانیان نەدەکرد پێوەندی هەبوو حیزبی توودەش یەکێک لەو حیزبانە بوو.
۳-کێشەی ئەحمەد تۆفیق و دوکتور قاسملوو لەسەر ئەوە بوو کە ئەحمەد تۆفیق باوەڕی بە ناسیۆنالیستی ڕووت هەبوو و کوردایەتی لەسەر کوردایەتی دەکرد بەڵام دوکتور قاسملوو دەیهەویست کوردایەتی لەسەر بیرێکی ئینسانی و جیهانی بکا بۆیە زۆر وڵاتی سوسیالیستی پشتیوانیان لە حیزبی دێموکرات دەکرد. تەنیا لە کوردستان بە پیر بانگەوازی بیری ئەحمەد تۆفیق دەهاتن.
بۆیە دەکرێ بڵێین دوکتور هەم لە باری هزروە و هەم لەباری ڕێکخستنەوە خۆی لە حیزبی توودە جیا کردەوە. پێوەندی دواتری لەسەر پێوەندی دوو حیزب بوو. ئەو وەک ئەندامێکی حیزب دێموکرات لەگەڵ ئەندامانی توودە پێوەندی هەبوو.
کونگرەی دووی حیزبی دێموکرات له ژێر شوێندانەریی بەشێک لە ڕێبەرایەتی ئەو کات و پارتێکی کوردستانی بەرەو ناسیۆنالیستی ڕووت ڕۆیشت و ناسیۆنالیست ڕووت بۆ بە بنەمای فکری حیزبی دێموکرات. هەروەها حیزب بوو بە پاشکۆی حیزبێکی کوردستانی و دووبارە سەربەخۆیی حیزب چوو ژێر پرسیار. دیارە ئەم کارە بوو بەهۆی ئەوەی بازنەی ڕاکێشانی چین و توێژی جۆراجۆر بۆ لای حیزب بەرتەسک بێتەوە و کوردایەتی لە جیاتی ئەوەی لەسەر بیرێکی ئینسانی بکردرێت لە سەر ئەساسی ناسیۆنالیستی ڕووت دەکرا.
دوای کۆنگرەی دووی حیزب کە چەند خوێندکاری وەک شەهید ئیسمایل شەریف زادە ، شەهید سەدیق ئەنجیری ئازەر و... لە ڕێزەکانی حیزبدا لەژێر تەئسیری چەپی مائۆیی بوون و ویستیان شۆڕشێک بە دژی ناوەندگەرای فاشیستی تاران بەڕێوە بەرن و گۆمی مەندی حەمەڕەزاشا بشڵەقێنن و ماف و داخوازیی لەمێژینەی خەڵکی کوردستانیش دابین بکەن .
ئەم بۆچوونەی ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکرات ناسیۆنالیستی ڕووتی دایە پاش و چەپی مائۆیی بوو بە بنەمای فکری خەبات بۆ چەوسانەوەی نەتەوەیی. دیتمان شۆڕشی۴۷-۴۶بوو بە لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی حیزب.
دوکتور قاسملوو کاتێک لە کۆنفڕانسی ۳ سوکانی حیزبی دێموکراتی وەئەستو گرت و بوو بە سکرتێری حیزب، سەربەخۆیی حیزبی گەڕاندەوە و بیرێکی ئنیسانی و دێموکراتیکی کردە بنەمای خەبات دژی چەوسانەوەی نەتەوەیی. بەم جۆرە سەرنجی دونیای بۆ لای کێشەی کورد ڕاکێشا.
بەرلە کۆنگرەی دوو دوای خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ دوکتور قاسملوو داهێنانێکی بوێرانە لە گوتاری چەپدا کرد کە لە جەمسەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێ وێنە بوو. هەر وەک گوتمان دوکتور لە ۱۳۳٤ بە جیدی کاری بۆ ئەم داهێنانە فکرییە مەزنە کردەوە تا بەر لە کۆنگرەی ٣ بە ئاکام گەییشت.
لە کۆنگرەی ٣ی حیزب سوسیالیزمی دێموکراتیک لەلایەن دوکتور قاسملوو بە ئەندامانی کۆنگرە پێشنیار کرا کە لە کۆنگرە پەسند نەکرا و هەوڵدان بۆ کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی لە کوردستان دەنگی هێناوە. لە کۆنگڕەی ٣ هەتا کۆنگرەی ٦ سوسیالیزمی دێموکراتیک بۆ لابردنی چەوسانەوەی نەتەوەیی، ڕەگەزی، ئایینی، ستەمی چینایەتی جەختی لەسەر دەکرایەوە، کە سەرئەنجام دوای شیکردنەوەی تێروتەسەلی سوسیالیزمی دێموکراتیک کە بە کورتەباس ناوبانگی دەرکرد، بۆ ڕێبەرایەتیی حیزب و ئەندامانی کۆنگرەی ٦ شی کراوە. دوای باسێکی تێروتەسەل و ڕەخنەگرتنی بێ بنەما بە پەسندی زۆرینەی کۆنگرە گەییشت.
کاتێک ئەم داهێنانە گەورەیەی کاک دوکتورمان بۆ دەردەکەوێ کە ڕەخنە لە چەپ لە جەمسەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستان باسی سەر بوو؛ وەک ئەوە بوو بەرد بە کابە دادەی . بەڵام دوکتور قارمانانە و ڕەخنەگرانە ئەم داهێنانەی مەزنەی کرد کە بۆ مێژووی کورد و کوردستان و هەموو شۆڕشێکی ئازادیخوازانەی بێ وێنە بوو.
ڕووحی ئەم ڕێبەرە مەزنەمان شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.