کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی یەک میلیارد دۆلار بۆ حیزبوڵڵا سەرەڕای هەبوونی قەیرانە ئابوورییەکان

12:11 - 19 خەزەڵوەر 2725

سەرەڕای هەبوونی گوشارە ئابوورییەکان و گەڕانەوەی سزاکان لەم ساڵدا، بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم نزیکەی یەک ملیارد دۆلاری بۆ حیزبوڵڵای  لوبنان ناردووە.

جان هێرلی جێگری وەزارەتخانە لە کاروباری تێرۆریستی و ئیتلاعاتی ماڵی، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕەقەمە نموونەیەک لە یەکەمایەتیدانی سەرچاوە دراییەکانی ڕێژیم بۆ پشتیوانی لە هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم و تەرخانکردنی سەرچاوە داراییەکانی بۆ ئەم هێزانەیە.

هەروەها ناوبراو وتی کە واشنگتۆن لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەلی ئێستای لوبنان بقۆزێتەوە بۆ لە ناوبردنی ئەم لایەنانە و چەکدانانی حیزبوڵڵا بە گشتی.

 هێرلی دەڵێت کە کلیلی چەککردنی حیزبوڵڵا ڕاگرتنی هەناردەکردنی پارەی ئێرانە و ئەگەر بتوانرێت ئەم گرووپە چەک بکرێت خەڵکی لوبنان دەتوانن وڵاتەکەیان وەربگرنەوە.

پێشتریش وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە ١٥ی خەزەڵوەر و لە درێژەی هەوڵی دانانی سزاکان، سزایان خستە سەر چەند کەسێکی چالاکی سەر بە حیزبوڵڵا کە دەیان میلیۆن دۆلارییان لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵا ناردبوو.

ئەم کەسانە لە ڕێگای فرۆشتنی نەوت و بازرگانیی کاڵا و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە سەڕافیە فەرمی و نافەرمییەکان، دەیان میلیۆن دۆلاری بۆ ئەم گرووپانە ناردووە.

ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا نیشاندەری ئەوەیە کە سیاسەتی سزادانەکانی ئەم ماوەیە هەوڵێکە بۆ ڕێگری لە ناردنی پارە بۆ حیزبوڵڵا.

لە دۆخێکدا کە نرخی هەڵاوسانی دوو ڕەقەمی ڕێکۆردی بازاڕی کار و دابەزینی توانایی کڕین، ژیانی بەشێکی زۆر لە خەڵکی بە سنووری تاقەت گەیاندووە، تەرخەنکردنی میلیاردها دۆلار بۆ گرووپە نیابەتییەکانی دەرەوەی وڵات، نیشاندەری قووڵایی درزێک لە نێوان سیاسەتەکانی ڕێژیم و ڕاستیی دۆخی ئابووری کۆمەڵگایە.