
سۆران عەلیپوور
لە نێوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبردا سۆسیال دێموکراتەکانی ئورووپا، چالاکوانان، نوێنەرانی سەندیکاکان، ڕۆژنامەوان، وەرزشکار، فەیلەسووف و لێکۆلەر، هاوکات نوێنەری ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان لە گۆشە و کەناری جیهانەوە لە شاری ئامستردام کۆ بوونەوە تا لەژێر دروشمی" بانگەوازێک بۆ مۆبیلیزەکردنی پێشخستنی ئورووپا و دەوروبەری" باس لە ئاڵنگارییە جیددییەکانی مۆدێلی سۆسیال دێموکراسی و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی بکەن، ئەو هەڕەشانەش باس بکەن کە لە زۆر لاوە دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سیستمی ئابووری و ژیان و مافی تاکەکەس و ئازادی لە ئورووپادا بەنیشانە گرتووە.
وەک یەکێک لە ئەندامانی وەفدی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئەو کۆنگرەیە، دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا کە سەڕەرای ئەرکی حیزبی لە نزیکەوە گوێ لە باسەکان بگرم و لەو ئاڵنگاری و مەترسییانە ورد ببمەوە کە مۆدێلی سۆسیال دێموکراسی لە جیهاندا بەگشتی و لە ئورووپادا بەتایبەتی لە بواری پراکتیکدا دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم دەکا. لێرەدا ناپرژێینە سەر چەمکی "سۆسیال دێموکراسی" وەک ئایدیۆلۆژی یا ئەو تێبینییانەی لە ڕووی تیۆرییەوە لەسەر ئەو چەمکە هەیە، بەڵام ئەو مەترسییانەی لە کردەوەدا بەرەوڕووی ئەو مۆدێلە دەبنەوە کاریگەرییان لەسەر هەموو جیهان و ئێمەی کوردیش هەیە. بۆ ئێمە کە خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی نەک هەر دروشمێکی سیاسی، بەڵکوو پرسێکی وجوودییە، هەر جۆرە پاشەکشەیەکی دێموکراسی لە دنیای دەرەوەدا گورزێکە لە پەیکەری جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی ئێمەش.
لە ئورووپایەکدا کە بۆ یەکەم جار دوای جەنگی جیهانی دووەم شەڕ هاتۆتەوە نێو سنوورەکانی، پرسی خۆپڕچەککردن گەرمترین باسی بودجە و پلاندانانی وڵاتەکانییەتی، هێزە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان، پۆپۆلیست و ئۆتۆریتەخوازەکان، دژەبیانییەکان، ئەوانەی کە دێموکراسی، زانست و زانکۆکان دەخەنە ژێر پرسیار، لە گەشەسەندندان، هەموو ئەوانە ئەو ڕیزبەندییە نەریتییەی کە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدەیە لە ئورووپادا هەیە، خستۆتە ژێر مەترسییەوە. جۆرێک لە ڕیزبەندی جیهانی خەریکە گەشە دەکا کە باڵانسی هێز دەگۆڕێ و ئەو وێناکردنە لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکان ئالۆز دەکا کە ڕۆژاوا ساڵانێکە وەک پرسێکی وجوودی بۆ ڕۆژاوایەکی بەهێز و بۆ بایەخ و بەهاکانیان شەڕیان بۆ کردووە. ئەم گۆڕانکارییانە هاوپەیمانێتییە کلاسیکییەکان لە هێڵەگ دەدا و تاقیان دەکاتەوە و تاکوو سنووری هەڵوەشاندنەوەیان دەبات. یەکێتیی ئورووپا و پەیمانی ناتۆ وەک دوو نموونەن کە نەک لە دەرەوە، بەڵکوو لە نێوخۆوە هەڕەشەیان لەسەرە، ڤیکتۆر ئوربان لە هەنگاری و سیاسەتەکانی، دەکرێ وەک نموونەیەک لەو هەڕەشە نێوخۆییە تەماشا بکرێ.
ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەوی توندڕەو دووبارە بۆتەوە بە ئەکتەرێک لە شانۆی سیاسیی ڕۆژاوادا و گەڕاونەتەوە ناوەندەکانی بڕیاردان و لە چەند وڵاتێکیشدا لە لووتکەی دەسەڵاتدان. ڕەوتی ڕاستی توندڕەو بە سیاسەتی ترساندنی"پیاوە سپییەکە" لە نەمانی ڕەچەڵەک، بەها و جوغرافییەکەی، خەریکە لەسەر ئاستی جیهانی ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت ـ نەتەوەدا پرسە جیهانییەکان تاوتوێ و چارەسەر دەکەن، دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی نوێوە. لەسەر ئاستی وڵاتەکانیشدا بە هەمان سیاسەتی ترساندن، دابەشکردنی کۆمەڵگە و ڕەوتی دژەبیانی پاشەکشە بە سۆسیال دێموکراسی دەکەن.
ئەوە وێنەیەکی گشتییە لەو ئاڵنگاریانەی، سۆسیال دێموکراسی خستۆتە بەردەم ئەزموونێکی نوێوە، بەڵام ئەوە بەدەر لە کۆمەڵێک قەیرانی دیکە کە بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەین. دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ئاسۆیەکی ڕوونی نییە و کەلێن و درزی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە فراوانبووندایە، ئورووپا کە چەندین قەیرانی ئابووری لە ماوەیەکی کورتدا خستۆتە سەر کارنامەکەی، ژیان و بژێوی دانیشتووانی سەختتر کردووە، سەرەتا کۆڕۆنا و پاشان شەڕی ئۆکرانیا و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڵاوسانی ئابووری، بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەم دواییانەش پرسی گومرگ خستنە سەر هەناردەکانی لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە، یەک لە دوای یەک ئاستی گوزەرانی خەڵکیان هێناوەتە خوار و سیستمی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سۆسیال دێموکراسییە، لەرزۆک کردووە. ئەو قەیرانە ئابوورییانە زیاتر لە هەموو کەس دەستی گرووپە کەمینەکان، بیانییەکان، ژنانی تەنیا و هاووڵاتییە بەتەمەنەکانی لە گەیشتن بە ژیانێکی ستاندارد کورت کردۆتەوە، ئاماری هەژاری و بێخانومانی بردۆتە سەر. ئەو نادادپەروەرییە کاتێک بەرجەستەتر دەبێ کە سەرنج لە زیاتر دەوڵەمەندبوونی بانکەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکان و ئەو کەمینەیە لە کۆمەڵگە بدەی کە دەستی بەسەر جووڵەی ئابووری داگرتووە، لە کاتێک شارۆمەندانی ئاسایی و خاوەن کۆمپانیا بچووکەکان بە ئاستەم دەتوانن بەردەوام بن و لەنێو دوو بەرداشی هەڵاوسانی ئابووری و ناجێگیریی سیاسی و سەربازیدا هەناسە بدەن.
هەر لە درێژەی گەورەتربوونی درزە کۆمەڵایەتییەکاندا پرسی نایەکسانیی ڕەگەزی و بەرتەسککردنەوەی مەودای دەرکەوتنی ژنان لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم سۆسیال دێموکراسییە. تا ئێستاش مووچەی مانگانەی پیاوان لە ژنان بۆ کاری وەک یەک زیاترە و بە پەرەگرتنی ڕاستی توندڕەو ئازادییە تاکەکەسییەکان، سەربەخۆیی زانکۆکان و بیرورادەربڕین لە مەترسیدان.
پرسێکی دیکە کە سێبەری بە سەر زۆر بواری ژیانی ڕۆژاوادا کێشاوە، پرسی پەنابەرییە، لە دیالۆگی گشتیدا پرسی پەنابەر لە سەرچاوەی هێز و دەرفەتی کار، پێکگەیشتنی کولتوورە جیاوازەکان و هاوکاری و پشتیوانیی مرۆیی بۆ خەڵکی لێقەوماو گۆڕاوە بۆ پەنابەر وەک سەرچاوەی تاوانکاری، هەڕەشە لە بایەخە دێموکراتییەکان و بارێک بەسەر سیستمی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیدا، لە گوتاری ڕاستە توندڕەوەکاندا پرسی بیانییەکان کارتێکی بەهێزی سیاسی و گوتارییە کە بۆ ترساندنی کۆمەڵگەی ڕۆژاوایی و بەهێزکردنی پێگەیان لە دەسەڵاتدا کەڵکی لێ وەردەگرن و تا ئێستاش بۆ ئەوان وەک ئەوە وایە سەد مێشیان لە خەڵەفێکدا دیتبێتەوە و لە بردنەپێشی ئەو سیاسەتەدا سەرکەوتوو بوون و ئۆباڵی زۆر قەیرانی دیکەش دەخەنە ئەستۆی ئەو کەمینەیە، ئەو بەو مانایە نییە کە هاتنی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠١٥ کۆمەڵێک قەیرانی لە بواری فێربوونی زمان، خۆگونجاندن و دۆزینەوەی کار و سەرچاوەی بژێوی هەم بۆ پەنابەران خۆیان و هەم بۆ حکوومەتەکان دروست نەکردووە. ڕەوتی سۆسیال دێموکراسیش کە لە مێژووی خۆیدا سیاسەتێکی کراوە و دڵفراوان و مرۆڤدۆستانەی لە ئاست پرسی پەنابەریدا هەبووە، ئێستا سیاسەتێکی پارێزخوازانەی و توندتری گرتۆتە بەر، چونکە لە لایەکەوە فشاری ڕای گشتی لەسەرە و لە لایەکی دیکەشەوە لە مامەڵەکردن و دروستکردنی دەرفەت بۆ خۆگەنجاندنی پەنابەران لەگەڵ ژینگەی نوێدا شکستیان هێناوە و باس لە وەرگرتنی ژمارەی کەمتر، داخستنی سنوورەکان و ناردنەوەی ئەو کەسانە دەکەن کە بە شێوەی نایاسایی لە یەکێتیی ئووروپادا ماونەتەوە.
پرسی ژینگە و داهاتووی کەشوهەوای گۆی زەوی لە پرسێکی سروشتییەوە بووە بە پرسێکی سیاسیی گەرم، کاتێک ڕیزبەندی هێز بە جۆرێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە و ئەو هاوپەیمانێتییانەی لە ژوور سنووری دەوڵەت ـ نەتەوە بە دوای چارەسەری ژینگە و پرسەکانی تردا دەگەڕین لە بەردەم دابڕان و لێکهەڵوەشانەوەدان، ئەوە دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش و ڕێكکەوتنێکی جیهانی بۆ ڕاگرتنی گەرمبوونی کەشوهەوا بۆ ژێر دوو پلەی سێلسیۆسی ئاستەم کردووە، لەگەڵ ئەوەدا ڕەوتی سۆسیال دێموکراسی لەگەڵ سەوزەکاندا پشتیوانی سەرەکیی پەیماننامەی پاریس و نێوەرۆکەکەین بۆ پاراستنی ژینگە، بەڵام نێوەرۆکی ئەو پەیماننامەیە لە لایەن هێزە پۆپۆلیست و توندڕەوەکان هەڕەشەی لەسەرە تا ئاستێک کە بەشێکیان ڕاستی و دروستیی پرسی ژینگە و ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدان، دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
نادادپەروەریەک کە لە پرسی ژینگەدا هەیە ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی هەڵگری ئالای چارەسەری ژینگەن و بەشێکیشیان کارنامەی دوور و درێژی سۆسیال دێموکراسییان هەیە لە گەرمترکردن و ئالودەکردنی ژینگەی زەویدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە و هەیە، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی کەمترین ڕۆڵیان لەو بوارەدا هەبووە، زەرەرمەندی سەرەکین و قوربانی زیاتریان داوە، ئەوە بێجگە لە نادادپەروەری، پەڵەیەکی ئەخلاقیشە بە نێوچاوانی ڕۆژاوای مۆدێرندا کە سۆسیال دێموکراتەکان لە باڵاکردن و بیچمگرتنیدا بەشی شێریان بەر دەکەوێ.
سۆسیال دێموکراتەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون کە پێویستیان بە هاوپەیمانییەتییەکی جیهانی هەیە لەنێوان هەموو هێزە سۆسیال دێموکراتەکاندا بە مەبەستی پاراستنی بەهاکانی وەک مافی مرۆڤ، ئازادیی تاکەکەسی و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە دێموکراتییەکان، هەر لەو کۆنگرەیەدا بانگەشەی دامەزراندنی ڕێکخراوێک بۆ مۆبیلیزەکردنی هەموو سۆسیال دێموکراتەکانی جیهان کرا. بێگومان مەوداکانی نێوان دروشم و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە لە مەیداندا زۆرن و پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژگارێکی سەخت تێپەر دەکەن، چۆن سۆسیال دێموکراسی دەتوانێ سیاسەتەکانی لە ئاستی جیهانیدا بباتە پێشێ؟ پاشەکشەی دێموکراسی Democratic backsliding و پەرەگرتنی هێزە ئۆتۆریتەخوازەکان و کۆنسێرڤاتەکان چەندە کاریگەری لەسەر ڕەوتی سیاسی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ئەو نەتەوانە هەیە کە لە گەڵ ئۆتۆریتەی داسەپاو و کۆنەپارێزی وڵاتەکانی خۆیاندا پەنجە نەرم دەکەن، پرسیارێکی گرینگە بۆ ئێمەی کورد کە بە دوای وڵامەکەیدا بگەڕێین و بتوانین لە گێژەنی سیاسەتی جیهانیدا ئەو ڕێیە ببینینەوە کە لە ماف و ویستەکانمان نزیک دەکاتەوە. لاوازبوون و پاشەکشەی گوتاری سۆسیال دێموکراسی و بەهێزبوونی ئوتۆریتاریانیسم لە بەرژەوەندیی ئەو هێزە سیاسییە کوردییانەدا نییە کە لە مێژووی خۆیاندا دێموکراسی، مافی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییان لە بەرنامەکانی خۆیاندا گونجاندووە.