کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی گەڕانەوە و پشتبەستن بە ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان

11:49 - 19 خەزەڵوەر 2725

ڕەزا دانشجوو

قسەکانی ئەم دواییەی دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسی "مافی مرۆڤ دوای کۆماری ئیسلامی" لە ئۆسلۆ، پێتەختی نۆروێژ، سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین وەک بەشێکی پارێزراو لە مافی گەلانی ئێران بەرەوڕووی دوو کاردانەوەی جیاواز بۆوە! وەک چاوەڕوان دەکرا، لایەنی پاوانخوایی پاشایەتیخواز و لایەنگرانی ناوەندگەرایی کە ئینکاری فرەچەشنی فەرهەنگی و زمانەوانی گەلانی ئێران بەشی سەرەکی بیروڕایان پێکدەهێنێت وەک هەمیشە بە دووپاتکردنەوەی دەستەواژەی "جیاییخوازی" هێرشیان کردە سەر نەتەنیا نوێنەری حیزبی دێموکرات، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕاسەیان ناڕاست و ناپێویست پێناسە کرد و وەک هەمیشە واقیعییەتەکەیان بە تەواوی شێواند! دوور لە ئەم بیروبۆچوونە دووبارەیە و چاوەڕواننەکراوە، پێشوازیی گەرمی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەم هەڵوێستە ڕوون و ئاشکرایە زۆر جێی سەرنج و ئاوڕدانەوەیە! لە پەراوێزەوە بەرەو ناوەند و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ واقیعی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێت لاپەڕەیەکی نوێ بێت لە خەباتی سیاسی لە کوردستاندا! ئەوەی ساڵانێکە بە تاقمێک هۆکاری جیاواز بۆ نموونە: پێداویستیی نزیکبوونەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی فارس زمان بەشێوەیەکی پەردەپۆشکراو دەگوترا، ئێستا بەتەواوی و بەئاشکرا و بەڕوونی دەربڕدراوە! ڕاستی ئەوەیە کاتێک مافێک وەک پرەنسیپێکی قبووڵکراو و ڕێگەپێدراو لە مافی مرۆڤدا دانی پێداندراوە و، لە لایەن هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پەسەند کراوە، بۆ دەبێت مرۆڤ لە دەربڕینی دوودڵ بێت و چاوپۆشی لێ بکات؟! شاردنەوەی ڕاستییەکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات! ئەم بزووتنەوە پاوانخواز و فاشیستییەی کە ساڵانێکە بەئاگاییەوە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی پشتگوێ دەخات و بچووکترین گۆڕانکاری لەبیر و بیرۆکەکانیدا نابیندرێت و تەنانەت زۆر ڕادیکاڵتر و بێ‌چاوڕوو ڕووهەڵماڵراوتر لە ڕابردوو بەردەوام خەریکی سووکایەتی و بێبایەخ نیشاندانی مافی گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی کوردە، بەدڵنیاییەوە نە دیالۆگ و نە گفتوگۆ کاریگەریی لەسەر نابێت. هەر هەوڵدانێک بۆ قەناعەت پێهێنان بەم ئیدیعاکار و خاوەن ماڵە خەیاڵییە بێهودە و بێئاکامە! ڕەوتێکی فاشیست و پاوانخواز کە دوکتور قاسملووی نەمر بەئاشکرا هەر جۆرە دانوستان و گفتوگۆ و دانیشتنێک لەگەڵیان بەهۆی سروشتی ناڕاست و بیروباوەڕی کۆن و ماوە بەسەرچوویان نادروست و بێئاکام دەزانێت!

بەدەر لە مافی چارەی خۆنووسین وەک مافێکی پارێزراو بۆ هەموو گەلانی جیهان، خاڵێکی گرنگ کە لەم وتارەدا جەختی لەسەر کرایەوە، بەڵام لە مێدیاکاندا بەتەواوی پشتگوێ خرا، جەختکردنەوە و پێداگری لەسەر پێداویستیی گەڕانەوە بۆ ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان و ئاگاداری لە بۆچوونیان وەک پێوەر و بڕیاردەری کۆتایی لەم باسەدا بوو.

لە سیستەمێکی بنچینەی دێموکراسی و خەڵک‌سالاردا، گەل وەک فاکتەری دیاریکەر و هێزی بزوێنەری دێموکراسی پێناسە دەکرێت. ئەم گەڕانەوە بۆ ڕای گشتیی و پشتبەستن بە دەنگی جەماوەریی لە خۆیدا دوو خاڵی زۆر گرنگ و خاوەن سەرنج له خەباتی ڕزگاریخوازیی کۆمەڵگەی کوردستان له‌خۆ ده‌گرێت. خاڵی یەکەم و بنچینەیی بریتییە لە: بەشداریکردنی بەشە ڕاستەقینەکە و خاوەن ماڵ و هێزی بزوێنەری کۆمەڵگەی کوردی لە پرۆسەی بڕیاردان. لە ڕاستیدا لە پرسە گرنگەکانی وەک دیاریکردنی چارەنووسی حیزب و لایەنە سیاسییەکان هیچ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان نیە و هەر لێدوانێک کە بیدەن تەنیا دەتوانێت هەڵوێستێکی حیزبی و ڕێکخراوەیی بێت و بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەرخەری بڕیاری گەل بێت! جگە لەوەش ئەمە وڵامێکی بنەڕەتییە بۆ ئەو نەیارانەی کە هەمیشە لە پشت هێرشە ڕێکخراوەکانیان بۆ سەر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، لە ڕاستیدا هەمیشە هێرش دەکەنە سەر بوونی میللەتێک بەناو کورد! ئاشکرایە کاتێک باس لە گەڕانەوە بۆ ڕای گشتیی کۆمەڵگەی کوردستان بێت و لە ڕاستییدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بڕیاردەر لەم باسە نەبن، بزووتنەوەی فاشیستی پاوانخوازی تۆتالیتار هیچ بژاردەیەکی دیکەی نیە، جگە لە نیشاندانی سروشتی ناڕاست و ڕاستەقینەی خۆی! لێرەدا ئیتر پرسی هەڵوێستی حیزبی نامێنێت کە لایەنی داگیرکەر و پاوانخوازی کوردستان بەناو دەنگی کەمینەیەک نکۆڵی لێ بکات و پشتگوێ بخرێت!

خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە واقیعی مەیدانیی ساڵانی ڕابردوو بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا، ئەوە دەردەخات کە پشتبەستن بە ئیرادەی گەل چەندە دەتوانێت لە دیاریکردنی هاوکێشە مەیدانییەکان یەکلاکەرەوە بێت! ئەوەی لە شۆڕشی ژینادا ڕووی دا، چ لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان چ وەک مانگرتن لە ساڵانی دواتر و بۆ یادی شەهیدانی شۆڕش، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ توانایی ناوازە و سەرسووڕهێنەری کۆمەڵگەی بەئاگابووی کوردستان بەرانبەر داگیرکەران!

هەروەک ئاماژەی پێ کرا گەڕانەوە بۆ دەنگ و ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان پرسێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ دیاریکردنی داهاتووی گەلی کوردستان. سەرەتا پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ خۆبەدوورگرتن لەهەر چەشنە گەمەی حیزبی و تێڕوانینی کورتخایەن و ڕووکەشی و هاوکات تێکۆشانێکی بەربڵاو بۆ کۆکردنەوەی خەڵک و هێنانیان بۆ بەرەی پێشەوەی خەبات تا ڕاستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بێت! پشتیوانی و پشتگیری لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان وەک ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە پاراستنی ژینگەی کوردستاندا هەبووە و، بەداخەوە چەندین شەهیدیان کردۆتە قوربانی بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، یان ئەو سەندیکا و ڕێکخراوە مەدەنییانەی کە لە ساڵیانی ڕابردوو دەیان ناڕەزایەتی و مانگرتنیان لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران ساز داوە و ڕێک‌خستووە، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەریی لەم بوارەدا هەبێت!

لە ڕاستیدا بەهێزکردن و پاڵپشتیکردن لەم ڕێکخراو و دامەزراوانە و کەلک‌وەرگرتن لە ئەزموونی ساڵیانیان دەتوانێت بوار بۆ خەباتێکی بەربڵاو لە دژی داگیرکەرانی کوردستان دابین بکات و ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ بناغەدانانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دینامیک و چالاک بۆ داهاتووی کوردستان!

نابێ ئەوە لەبیر بچێت کە لەسەر بنەمای ئەم کۆمەڵگەی دینامیک و پێشکەوتوو بوو کە ڕێبەری مەزن، پێشەوای نەمر کۆماری کوردستانی دامەزراند و ناسیۆنالیزمی کوردی بردە قۆناغێکی نوێی خەبات دژی داگیرکەران. ئەم کۆمەڵگە بەئاگا و پێشکەوتنخوازە، سەرەڕای هەموو کەمووکۆڕییەکانی، میتر و عیار و پێوەری هەموو بڕیاردانێکە و زامنی بەردەوامی و زیندوویی خەباتی ڕزگاریخوازی لە کوردستانە! چارەسەر لێرەیە، با لە هیچ شوێنێکی تر بەدوایدا نەگەڕێین!