کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمپراتۆریی ١٤٢ میلیۆن پۆندیی عەلی ئەنساری لە لەندەن لەژێر سێبەری گەمارۆکاندا

12:18 - 19 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژنامەی ''تایمز''ی بریتانیا بڵاوی کردەوە، عەلی ئەنساری خاوەن پشکی سەرەکیی بانکی ''ئایەندە'' لە ئێران کە هەڵوەشاوەتەوە، خاوەنی چەندین کۆشکی لووکس لە شەقامی میلیاردێرەکانی لەندەنە کە بەهای ئەو کۆشکانە بە کۆی گشتی دەگاتە ١٤٢ میلیۆن پۆند.

ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە لە ڕێگەی شیرکەتێکی تۆمارکراو لە ''دوورگەی مەن'' ئەم موڵکانە دەکڕێت و کۆشکێکی ٣٣ ملیۆن پۆندی و دوو ئاپارتمانی لووکس لە نزیک کۆشکی کێنزینگتۆن بۆ موڵکەکانی زیاد کردووە.

بریتانیا لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبر بە تۆمەتی دابینکردنی ماڵیی سپای پاسداران گەمارۆی بەسەر ئەنساریدا سەپاند؛ بەپێی ئەم گەمارۆیانە، سەروەت و سامانەکەی بلۆکە کراوە و لە چوون بۆ نێو خاکی بریتانیا قەدەغە کراوە.

لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا ڕەگەزنامەی ناوبراو بە قێبرسی تۆمار کراوە و دەوترێت خاوەنی چەندین پاسپۆرت لەوانە پاسپۆرتی ئێرانی و کارائیبە.

ئەم ئاشکراکردنە لە کاتێکدا بوو کە بانکی ئایەندە بەهۆی قەرزی زۆرەوە هەڵوەشایەوە و تێکەڵی بانکی میللی کراوە.

ئاشکرابوونی ئیمپراتوری دارایی ئەنساری وێنەیەکی ڕوونی کەلێنی چینایەتیی ئەمڕۆ لە ئێران دەکێشێت، کە بانکدارە نزیکەکان لە دەسەڵات بە سرەوتی فەلەکی لە پێتەختەکانی ڕۆژاوادا دەژین، لەکاتێکدا میلیۆنان کەس لە ئێران لەگەڵ هەڵاوسان و هەژاریدا بە شەڕ دێن.

ئەم جۆرە هەواڵانە ئەوە دەردەخەن کە گەندەڵی و ڕانت بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئابووری ڕێژیمی ئێران، پێکهاتەیەک کە تێچوونەکانی لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە دەدرێت.