هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی گرتن و ڕفاندنی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، ٩ هاووڵاتی لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی "سیروان خوداکەرەمی" و "محەمەد وەیسی" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
"خۆراگری" ئاماژەی بەوە دا کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ فەرمانی دادگا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردانە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون.
هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، حەوت هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بە ناوەکانی "خەلیل شەعبانی، مەحموود ئەمانی، زاهید مورادی، فەرزاد ڕەحیمزادە، مێهدی مەجیدی، فەردین ساڵحی و مەنسوور سوڵتانی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیان، چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردانە دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و هەروەها لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمیش لە پێدانی زانیاری بە بنەماڵەکانیان خۆیان دەبوێرن.
شایەنی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و چارەنووسی ئەو ٩ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.