سەرۆکی دامەزراوەی ئاو، ژینگە و تەندروستیی زانکۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەنیسبەت قەیرانی بێئاویی ئێرانەوە هۆشداریی دا و ڕایگەیاند: "شکستهێنان لە چارەسەریی قەیرانی ئاو، توانای کارتێکەریی وڵات کەم دەکاتەوە و جێگە و پێگەی ڕێژیم لە ئاستی جیهانییدا لاواز دەکات".
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، کاوە مەدەنی، سەرۆکی دامەزراوەی ئاو، ژینگە و تەندروستیی زانکۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتووێژێک لەگەڵ "فاکس نیووز"، قەیرانی بێئاویی ئێرانی بۆ چەند دەیە لاوازیی بەڕێوەبەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند: "ئەو قەیرانەی ئێستا لە ئێراندایە چاوەڕوانکراو بوو".
ئەو شارەزا ژینگەییە باسی لەوە کردووە کە "دۆخی قەیراناویی ئاو لە ئێران یەک شەوە دروست نەبووە و لەو بارەوە چەندین جار هۆشداریمان بە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دابوو".
ئەو قسانەی کاوە مەدەنی لەکاتێکدایە کە لەم دواییانەدا گۆشەیەکی دیکە لە قەیرانی بێئاوی بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و مەترسییەکی جیددییە لەسەر تەندروستیی گشتی لە ئێران و لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو ڕەوتەدا، چیتر شارە گەورەکانی ئێران لەوانەش تاران بۆ ژیانکردن گونجاو نین".
هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی مەشهەد، دووهەمین گەورەشاری ئێران لە بواری حەشیمەتییەوە وتوویەتی: "پاشەکەوتی ئاوی ئەو بەنداوانەی ئاوی خواردنەوەی مەشهەد دابین دەکەن کەمتر لە ٣ لەسەد ئاویان تێدایە".
هەروەها عەباس عەلیئابادی وەزیری وزەی ڕێژیم، باسی لە بڕینی شەوانەی ئاوی مەشهەد کردووە و داوای لە خەڵک کردووە کە دەست بە ئاوەوە بگرن.
چەندین دەیەیە کارناسانی ژینگەیی و شارەزایانی بواری ئاوی ژێرزەوینی هۆشداریی جیددییان بە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران داوە کە بەو شێوە بەڕێوەبەرییە لاوازەوە ئێران تووشی قەیرانی جیددیی بێیاوی دەبێتەوە و دەبێت ئەو پێش بەو قەیرانە بگیردرێت بەڵام ڕێژیمی تاران نەک هەر لەو بوارەوە هەنگاوی ئەرێنی هەڵنەهێناوەتەوە بەڵکوو خۆی وەدیهێنەری بەشی سەرەکیی ئەو قەیرانەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا نەک هەر گەورەشارەکانی ئێران بەڵکوو زۆربەی پارێزگا و شارەکانی دیکەش بێئاوی تەنگیان پێ هەڵدەچنێت.