کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو پۆلیسی ڕێژیمی ئێران لە تێکهەڵچوونێکی چەکداری‌دا لە ئێرانشار کوژران

15:30 - 4 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: دوو پۆلیسی ڕێژیمی ئێران، لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ چەند کەسێکی نەناسراو لە پارێزگای سیستان‌ و بەلووچستان، لە شاری ئێرانشار کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ٢ پۆلیسی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری ئێرانشار لە تێکهەڵچوون لەگەڵ چەند کەسێکی نەناسراودا کوژران.

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە شاری ئێرانشار، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرانا کوژرانی ئەو دوو پۆلیسەی پشتڕاست کردەوە و هەروەها ڕایگەیاند کە؛ دوو مەئمووری دیکەی ڕێژیم، لەو تێکهەڵچوونەدا بریندار بوون.

شاری ئێرانشار لە ٣٤٥ کیلۆمیتریی باشووری زاهیدان، ناوەندی پارێزگای سیستان ‌و بەلووچستان هەڵکەوتووە.

پارێزگای سیستان‌ و بەلووچستان، ٥/٢ میلیۆن حەشیمەتی هەیە کە بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێران دێتە ئەژمار.