کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی خوێندن لە ساڵی نوێدا شپرزتر لە هەموو ساڵێکە

11:47 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: جگە لە گرانبوونی چەند قاتی کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن و نەبوونی بینا و قوتابخانەی ئەمن بۆ قوتابیان، لە ساڵی نوێی خوێندندا خوێندنگەکان لەگەڵ کەمی مامۆستاش بەرەوڕوون.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گرانبوونی ٣ قات زیاتری نرخی کەلوپەلەکانی خوێندن لە بازاڕەکاندا کە بووەتە هۆی گوشارێکی نوێی فکری و ئابووری بۆ بنەماڵەکان، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم ڕایگەیاند: هەنووکە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێمە نەبوون و کەم بوونی مامۆستایە.

موحەممەد بەتحایی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەلی لاریجانی باسی لەوە کردووە کە بۆ مانگی ڕەزبەری ٩٧، لانیکەم ٨٠ هەزار مامۆستای دیکەمان پێویستە و پێشبینی دەکەین کە تا چوار ساڵی دیکە و لە گەشبینانەترین حاڵەتدا لەگەڵ کەمی ٣٥٠ هەزار مامۆستا بەرەوڕوو ببینەوە.

بەوتەی ناوبراو بەهۆی سیاسەتی ناوەندگەرایی ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا، داهێنان لە قوتابخانەکان لەنێو چوون و ئەمڕۆ لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە هەڵە دەبینینەوە.

ماڵپەڕی حکوومەتی ئیرنا لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا ئاخاوتنی دوو هاووڵاتی شاری زەنجانی خستووەتە ڕوو کە بە خەم و شەرمەوە وتوویانە: "بە منداڵەکانمان وتووە دەبێ لە جانتا و کەلوپەلەکانی ساڵی ڕابردووتان کەڵک وەربگرن چوونکە ناتوانین بۆ ئەمساڵ جانتا و کەلوپەلی نوێتان بۆ دابین بکەین".

ئەم ڕەوشە نالەبارە هاوکاتە لەگەڵ نۆژەن‌نەکردنەوەی بەشی زۆری قوتابخانەکان لە ئێراندا کە پێویستی هەنووکەیی و بەپەلەیان بە نۆژەن‌کردنەوە هەیە؛ بەتایبەت لەو ناوچە و هەرێمانەی کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا دەژین بەهۆی سیاسەتە بەئەنقەستەکانی دەوڵەتی ناوەندی، بیناکان و کەلوپەلەکانی نێو قوتابخانەکان شیاوی کەڵکوەرگرتن نین و بەم هۆیەشەوە قوتابیان ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

لەمبارەوە فەرهاد تەجەری، بەناو نوێنەری قەسرشیرین لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێراندا ڕایگەیاندووە، کە دروستکردن و نۆژەن‌کردنەوەی قوتابخانەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان بۆ خوێندنی ئەمساڵ تەواو نابن و بەشێکی زۆر لە قوتابیانی ئەو ناوچانە لە خوێندن دادەبڕێن.

هەرەوەها ناوبراو باسی لەوە کردووە کە گواستنەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانە سازکراوەکان و بۆ قوتابخانەی ناوچە و شارەکانی دیکە درەنگە و ئەم پرۆژەیەش جێبەجێ نابێت؛ ساڵی رابردووش بەشێکی زۆر لە قوتابیانی ئەم ناوچانە نەیانتوانی درێژە بە خوێندن بدەن و بەشێکیشیان لەژێر خێوەت و لە نێو کانکسەکان بە کەمترین پێداویستییەکان ساڵی خوێندنیان تەواو کرد.

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوە نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە گەشەی هێزی مرۆیی، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە کە لە پلەی ٩٠ی دنیادا جێی گرتووە کە هۆکارە سەرەکییەکەی دواکەوتوویی ئاموزشی و کۆمەڵایەتی درێژخایەن و نەبوونی یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوانە.

هەنووکە لە ئێراندا نیزیک بە ١٠ میلیۆن کەس نەخوێندەوار و ١٥ میلیۆن کەس کەم‌خوێندەوار بوونیان هەیە کە بەپێی خودی داتاکانی ڕێژیم لە ساڵی ٩٥دا، لانیکەم ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار قوتابی تاکوو تەمەنی ١٥ ساڵی لە فێرکاری بێبەش دەبن و ٢ میلیۆن کەسیش پێش لەوەیکە بتوانن بگەنە زانکۆ ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی خودی یاسای بنەڕەتی ڕێژیم دەوڵەت ئەرکدارە بەستێنی لەبار بۆ خوێندنی بەخۆرایی بۆ قوتابیان تاکوو قۆناغی دواناوەندی دابین بکات.

مەسەلەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران لەوانە تاران، ئیسفەهان، یەزد و سمنان خاوەنی زۆرترین ئیمکاناتی خوێندن و پێڕاگەیشتن لەباری ئاموزشییەوەن و لەبەرامبەریشدا پارێزگاکانی کوردستان و ئەو هەرێمانەی کە نەتەوەکانی وەک بەلوچەکان و عەرەبەکانی تێدا دەژین کەمترین ئاوڕیان لێ دراوەتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە زۆرترین ڕێژەی وازهێنان لە خوێندنیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

سەعید پەیوەندی کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ لە فەڕانسە لەمبارەوە لە وتارێکدا بەناوی "چرا آموزش ایران تا این اندازه فقیر است؟" ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێراندا بەهۆی بوونی چەشنێک لە لاساری ئیدئۆلۆژیک و دوگماتیزمی سیاسی پێکهاتەی فێرکاری و پەروەردەیی تووشی بۆنبەست بووە و بەرجەوەن و دوورەدیمەنێکی ڕوون بۆ ئەنجامدانی گۆڕانی بنەڕەتی لە سیستمی فێرکاری ئێراندا نابیندرێت.
ئا: شەماڵ تەرغیبی