هاوپەیمانیی سیاسیی ''هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران"، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی بە توندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەو گورزە سەربازی و سیاسییە توندانەی لە دەرەوە بەریکەوتووە، پەنای بۆ توندوتیژیی زیاتر لە نێوخۆ بردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ڕێژیم لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هەر یەک لە زیندانییانی سیاسی "محەممەد تەقەوی، ئەکبەر دانشوەرکار، پویا قوبادی و بابەک عەلیپوور"ی لە سێدارە داوە. ئەم کارە نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو دانپێدانانێکی ئاشکرایە بەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە دامودەزگاکانی ڕێژیمی داگرتووە؛ ترس لە کۆمەڵگەیەک کە تینووی گۆڕانکارییە و چیتر بە سەرکوتکردن دانامرکێتەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، هەرچەندە ئەم چوار زیندانییە سەر بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق بوون، بەڵام ئەم تاوانە تەنیا یەک لایەن ناکاتە ئامانج، بەڵکوو هۆشدارییەکی گشتییە بۆ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و هەر دەنگێکی ناڕازی کە دژی دۆخی ئێستا ڕاوەستاوە. هاوکات تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی حزبە مەیدانییەکان و زیادبوونی گوشار بۆ سەر زیندانییان، نیشانەی ترسی ڕێژیمە لە هەر جۆرە ڕێکخستنێکی سیاسی.
''هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران" داوا لە تەواوی هێزە سیاسی و مەدەنییەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتیی ئورووپا دەکات کە بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێستێکی کردەیی و خێرا بەرامبەر بەم شەپۆلە نوێیەی سێدارە بگرنە بەر.
لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە کە ڕاگرتنی سێدارە و پاراستنی گیانی زیندانیانی سیاسی، داواکارییەکی بەپەلەیە و هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک ڕێگە بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانی گەورەتر خۆش دەکات.