کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نادیاریی چارەنووسی چەند هاووڵاتی کورد پاش دەستبەسەرکردنیان

21:55 - 12 خاکەلێوه 2726

چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی چەند هاووڵاتیی کورد لە پاش دەستبەسەرکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دیار نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ لە دەستبەسەری "سۆران سۆهرابی" هاووڵاتی خەڵکی مەهاباد، تا ئیستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها چارەنووسی "فاروق نیک‌سرشت"، هاووڵاتی خەڵکی شنۆ دوای زیاتر لە سێ حەفتە لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ناڕوونە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانیش لە وڵامدانەوە لەو بابەتەوە خۆ دەبوێرن.

کوردپا هەروەها زیادی کرد کە "مامە عەلی‌نژاد" لە ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ، چارەنووسی ناوبراویش نادیارە.

هەروەها "ساسان چەمەن‌ئارا"، هونەرمەند و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی ئیلام کە وێڕای "پەرەستوو چەمەن‌ئارا"ی خوشکی لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمە دەستبەسەرکرابوو، تا ئێستا بەشێوەیەکی نادیار لە گرتنگەی ناوەندی ئیلام ڕاگیراوە.

ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی توندوتیژانە ئەو هاووڵاتییانەیان دەستبەسەر کردووە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

شایانی باسە کە ئەو ٥ هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیش بە پارێزەر بێبەش کراون و لە هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.