کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەگرتنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران؛ ناوەندە ستراتیژییەکانی تاران و چەندین شار کرانە ئامانج

17:26 - 12 خاکەلێوه 2726

بەپێی دوایین زانیارییە بڵاوکراوەکان، لە شەپۆلی نوێ و بەرفراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین ناوچەی گرینگ و ناوەندی پیشەسازیی لە نێوخۆی ئێران کرانە ئامانج.

 لە تاران، گەڕەکەکانی "شەمس‌ئاباد، تاڵەقانی، تێهرانسەر، سەعادەت‌ئاباد، دەوروبەری نۆبونیاد"  وهەروەها ناوچەی "سەفادەشت" لە مەلارد، لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانیی ئەمڕۆوە کەوتوونەتە ژێر بوردوومانی چڕ.

ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشەکان تەنیا تارانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو چەندین شوێنی ستراتیژیی دیکەش کراونەتە ئامانج، لەوانە: پیشەسازیی "فولادی موبارەکە" لە ئیسفەهان، بەندەری " حەقانی" لە بەندەرعەباس، کۆمەڵگەی "فولادی سەفیددەشت" لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری و هەروەها دامەزراوەکانی کەشناسی لە بوشێهر. پێکانی ئەم ناوەندە ئابووری و لۆجستییانە وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی تەواوەتیی تواناکانی ڕێژیم لێک دەدرێتەوە.

هاوکات لە پارێزگای خوزستان، بەرپرسانی خۆجێیی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی ئەهواز بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆردوومان کراوە. هەروەها لە شاری شیرازیش دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستراوە کە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر. تا ئێستا ئاماری وردی زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەم هێرشە بەرفراوانانە بە ڕوونی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام قەبارەی دووکەڵ و ئاگری هێرشەکان نیشانەی گورزی کاریگەرن لە جەستەی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی تاران.