کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی کرێکاران لە هێڵی هەژاریی ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنی

20:15 - 22 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە نێونجی مووچەی مانگانەی کرێکاران لە ئێستادا ٧٢٠ هەزار تمەنە، هێڵی هەژاری لە ئێراندا بریتییە لە ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن.

هەواڵدەریی ایسنا لە زاری سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسەوە بڵاوی کردەوە؛ هێڵی هەژاری بۆ ساڵی داهاتوو ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەنە، کە بە بەراورد لەگەڵ مووچەی مانگانەی ٧٠٠ هەزار تمەن، زۆر زیاترە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە تێچووی ژیانی بنەماڵەیێکی ٤ کەسی لە ئێراندا زیاتر لە ٣ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنە.

سەبارەت بە دەنگۆی زیادکردنی مووچەی کرێکاران، پەروین موحەممەدی، چالاکی سەربەخۆی کرێکاری دەڵێ؛ ٧٥%ی سەرمایەی وڵات لە بندەستی دەوڵەتدایە و بەو هۆیەوە کە کارفەرماکان لەگەل بەرپرسانی حکوومەتی دەستیان تێکەڵ کردووە، وەک ڕابردوو هیچ گۆڕانێک بەسەر دۆخی کرێکاراندا نایەت و دەبێ وەک هەمیشە ئەم توێژە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بژین.

بە لەبەرچاوگرتنی نرخی هەنووکەیی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و خاڵە گشتییەکانی بودجەی پێشنیارکراو بۆ ساڵی ٩٥، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ڕێژیمی ئێران، پێ‏ناچێ دۆخی ژیانی هاووڵاتیان ئاڵوگۆڕی ئەرێنیی بەسەردا بێت.

بەراوردکردنی ڕێژەی داهات و مووچەی کرێکارانی ئێران و وڵاتانی دیکە، ئەوپەڕی خراپیی دۆخی ژیانیان دەردەخات:

وڵات مووچەی مانگانە
ئێران ۲۳۹ تا ۳۰۳دۆلار
ئەندۆنێزی ۲۵۰ دۆلار
مێکزیک ۶۰۰ دۆلار
پێرۆ ۶۰۰ دۆلار
چین ۷۰۰ دۆلار
مسر ۷۰۰ دۆلار
تورکیه ۱۴۰۰ دۆلار
پۆرتغاڵ ۱۶۰۰ دۆلار
ئافریقای باشور ۲۴۰۰ دۆلار
ئاڵمان ۲۸۰۰ دۆلار
ئامریکا ٣٤٠٠ دۆلار