کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی كانادا: رووحانی بووكەڵەیەك، لەدەستانی عەلی خامەنەیدا

23:11 - 27 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی كانادا رایگەیاند، سەركۆماری تازەی ئێران بێجگە لە بووكەڵەیەك لەدەستانی خامەنەیدا، هیچ شتێكی دیكە نیە.
جان برد وەزیری دەرەوەی كانادا رایگەیاند، هەڵبژاردنەكانی ئێران زۆر نادادپەروەرانە و نادێمۆكراتیك بووە و خەڵكی ئێران لەهەڵبژاردنێكی ئازاد بێبەرین.
وەزیری دەرەوەی كانادا وتیشی: لەئێران پاڵێوراوان دەبێ‌لەفیلتەری شۆرای نیگابان بدرێن و لەنێوان نزیك بە 700 كەس تەنیا هەشت كەسیان تەئیدی سەلاحییەت كرد و ئەو 8 كەسەش سەرجەمیان لەباوەڕ پێكراوانی نیزامی ویلایەتی فەقیهـ بوون.

جان برد ئەوەشی خستە روو، هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمی سەركۆماریی بەتەواوەتی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە موهەندێسی كرابوو.
وەزیری دەرەوەی كانادا وتیشی: حەسەن رووحانی سەركۆماری تازەی ئێران تەنیا بووكەڵەیەكە لە دەستانی خامەنەیدا.

هەر لەو پێوەندییەدا وڵاتی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، هەڵبژاردنەكانی رێژیمی ئێران بێجگە لەشانۆ هیچ شتێكی دیكە نەبوو.

لێپرسراوانی ئیسرائیل لەو باوەڕەدان كە رێژیمی ئێران سیاسەتی بە نیسبەت وڵاتانی دەرەوە یەك هێڵەیەو و لەلایەن رێبەری ئێرانەوە دیاری دەكرێ‌و سەركۆمار هیچ رۆڵێكی نیە.