کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەدۆخی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دەنگدان لەكوردستان

17:17 - 24 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەبەشێك لەشارەكانی كوردستان پێشوازییەكی ئەوتۆ لەهەڵبژاردنەكان نەكراوە و رێژیمی ئێرانیش بەبەردەوامی سەرقاڵی پڕوپاگەندە بەمەبەستی راكێشانی خەڵكی بۆ سەر سەندووقەكانی دەنگدانە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشارەكانی پاوە، بۆكان و مەریوان بەبەردەوامی سەرقاڵی چالاكی بەمەبەستی راكێشانی خەڵكی بۆ سەر سەندووقەكانی دەنگدانە.
بۆكان

دەست و پێوەندییەكانی رێژیمی ئێران لەشاری بۆكان و ئاواییەكانی ناوچەی میرقاز و پیر محەممەد داوایان لەخەڵكی كردووە لەهەڵبژاردنەكاندا بەشداریی بكەن.
ئەو دەست و پێوەندییانە هەڕەشەی ئەوەیان لەخەڵكی كردووە، ئەگەر لەهەڵبژاردنەكاندا بەشداریی نەكەن، یارانەكانیان لێ‌دەبڕن.

هەر لەو پێوەندییەدا لەدەسپێكی دەنگدانەوە واتە رێكەوتی 24‌ی جۆزەردان، بەشێكی بەرچاو لەخەڵكی بۆكان روویان لەدەرەوەی شار كردووە و بەو چەشنە ویستوویانە دەنگ نەدەن.
هاووڵاتییەكی شاری بۆكان رایگەیاند، بەشێكی بەرچاو لەبنكە تەبلیغاتییەكان چۆلن و كەسێكی ئەوتۆ سەردانیان ناكات.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری بۆكان بەدەست و پێوەندییەكانی راگەیاندووە، پێویستە سەندووقەكانی دەنگدانی سەیار لەشاری و گوندەكان زیاد بكەن.

مەریوان

لەشاری مەریوان بە بەردەوامی چالاكی تەبلیغی بەڕێوە چووە و ژمارەیەكی بەرچاو پوستێر و تراكتی پێوەندیدار بڵاو كراوەتەوە.

ئەو شوێنانەی چالاكی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ئیستادیوم، چوار باغ، مەیدانی موعەلێم، سەردووشیەكان، پاركی شار، چوار رێیانی بایەوە، چوارڕێیانی بیمارستان، قوتابخانەی كەوسەر وئەندێشە و بیقهی.

هەر لەو پێوەندییەدا لەئاوایی تازاوا و شەهرەكی هەورازیش چالاكی بەڕێوە چووە.

لەلایەكی دیكەوە بە بەردەوامی كورتەنامەی بەشداری نەكردن لەهەڵبژاردنەكانیش بۆ هاووڵاتیان بەتایبەت بۆ خوێندكارانی زانكۆی پەیام نوور بەرێ‌كراوە.

پاوە


لەشاری پاوە دەست و پێوەندییەكانی رێژیم ماوەی زیاتر لە یەك مانگە زەخت و گوشارییان بۆ هاووڵاتیان هێناوە و هەڕەشەی ئەوەیان لێ‌كردوون ئەگەر لەهەڵبژاردنەكاندا بەشداری نەكەن، خزمەتگوزارییان بۆ جێبەجێ‌ناكرێ‌.
ئەو دەست و پێوەندیانە كورتەنامەی تەبلیغاتییان بۆ خەڵك ناردووە و لە كورتەنامەكانیشدا هێندێ‌نووسراوە تێیاندا هاتووە كە بێ‌رێزیەكی تەواوە بە نەتەوەی كورد.
بۆ وێنە لەبنكەی تەبلیغاتی قالیبافـەوە كورتە نامە بۆ هاووڵاتیان ناردراوە تێیدا هاتووە كە من باوەڕەم بەكوردەكان هەیە چۆن زۆر بەغیرەتن و هەروەها لەیەكێك لە پۆستێرە تەبلیغاتییەكاندا نووسراوە دەنگی كورد تەنیا رووحانیە.

ئەمانە لەحاڵێكدان كە بەشێكی بەرچاو لەخەڵكی پاوە لەو باوەڕەدابوونە كە پێویستە هەڵبژاردنەكان بایكۆت بكرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا لەشاری پاوە ناوی چەند كەسێك وەكوو شۆرای شار لە نامەیەكدا نووسراوە و وتوویانە ئەوانە خۆجەین و دەبێ‌خەڵك دەنگ بەوانە بدات.
ئەو كارەی رێژیمی ئێران بۆتە هۆی تووڕەیی و بێزاریی دانیشتوانی ناخۆجەیی شاری پاوە.

5134.jpg