کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژنامەی \"دی پرێسە\"ی ئوتریشی سەبارەت به مەسەلەی سەحراڕوودی: وەزارەتەکان بەسەر دۆسیەیەکی کێشەخۆڵقێندا باز دەبەن

13:28 - 22 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: رۆژنامەی دی پرێسە نووسیویەتی، تیرۆری کوردەکان له ڤییەن یەکێک له سەرسوڕهێنەرترین تیرۆرەکانی پاش شەڕی جیهانیی دووهەمه کەله ئوتریش رووی داوه.


لەو تیرۆرەدا عەبدولڕەحمان قاسملوو له ئاپارتمانێک خەریکی وتووێژ بۆ چارەسەریی پرسی کورد له ئێراندا بوو که لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەیدا گولەباران کران.
بکوژەکان بەرەو باڵوێزخانەی ئێران هەڵاتن، بەڵام پاشتر لەژێر گوشاری ئێراندا دەوڵەتی ئوتریش نەک تەنیا ئازادی کردن، بەڵکوو پۆلیس هەتا فرۆکەخانەی ڤییەنیش ئیسکۆرتی کردن.
لەو کاتەدا حوکمی گرتنی نێونەتەوەیی بۆ محەممەد جەعفەری سە‌حراڕوودی دەرچوو که هەتا ئێستاش هەر موعتەبەره. بەڵام ناوبراو بێ کێشە‌سەفەری دەرەوەی ئێران دەکات.
به وتەی هیوا بەهرامی، نوێنەری حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئوتریش، لەم چەند رۆژەی دواییدا سەحراڕوودی لەگەڵ شاندێکی پارلمانی ئێران به مەبەستی بەشداری له کونفڕانسێک سەفەری وڵاتی سویسی کردووه.
ئەم جارەش وەک جارەکانی پێشوو که سەحراڕوودی سەفەری سویس و ئیتالیای کردبوو، تووشی هیچ کێشەیەک نەبوو. ‌نوێنەری حدکا لەم بارەوه لەگەڵ کاربەدەستانی ئوتریش هە‌وڵێکی زۆری دا، بەڵام ئاکامی نەبوو. مارتین وایس قسەکەری وەزارەتی دەرەوەی ئوتریش دەڵێ ئەوە له چوارچێوەی ئەرکی ئێمەدا نییه. ئێمه نازانین ئەو حوکمی گرتنه چ جۆرێکه و ئایا ئەساسەن ئیعتباری ماوه یان نا!
پاشتر هەوڵمان دا لەگەڵ وەزارەتی داد قسە بکەین. وەزارەتی دادی هەموو وڵاتانی یەکیتیی ئورووپا بۆ ئەم جوره پرسانه، هاوکاری نزیکیان هەیه، بەڵام وەڵامی کۆشکی تراوتسون که وەزارەتی دادی لێ نیشتەجێیه، زۆر کورت بوو: زانیاری نادەین!
ئەمه نموونەیەکی زۆر بەرچاوه که چۆن لەگەڵ ئەم جۆره پرسانه له ئوتریش هەڵسوکەوت دەکرێت و چون هەموو وەزارەتەکان خۆیانی لێ بێبەری دەکەن.
به پێچەوانەی دۆسیەی تێروری کوردەکان له بێرلین که بکوژەکان درانه دەست یاسا، له ئوتریش پاش ئەم هەموو ساڵه، ئێستاش هیچ لەم بارەوه روون نییه.