کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێكخراوی داكۆكیی لەمافی مرۆڤی كوردستان: سووكایەتیی بە كۆمەڵگای یارسان جێگای داخ و شەرمەزارییە

23:18 - 18 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی داکۆکیی لەمافی مرۆڤی كوردستان، لەبەیاننامەیەكدا وێڕای دەربڕینی داخ و كەسەرەی خۆیان لەخۆسووتاندنی دوو چالاكی یارسانی، سووكایەتیكردنیان بە مەزهەب و ئایینەكان لەئێران مەحكووم كرد.

نوسخەیەك لەو بەیاننامە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی بەیانییەكە:

ئەهلی حەق ( یارسان) ناوی خۆجێی و ئێرانی پەێڕەوانی دینی ئەهلی حەق یان هەمان علی اللهییە. پەێرەوانی یاری كە فارس زمانەكان زیاتر بە ناوی علی اللهی دەیان ناسن، زۆربەیان خەڵكی دەورووبەریی پارێزگای كرماشانن. دینی یارسان تێكەڵاوێكە لەدینەكانی زەرتەشت و بودایی و ئیسلام و لەو باوەڕەدان مرۆڤ دوای مردن جارێكی دیكەوە زیندوو دەبێتەوە.
یارسان كەمینەیەكی مەزهەبین کە پیک هاتوو لەخەڵكانی رەنج چێشتووی كوردن كە ئایینەكەیان جیاواز لەكوردەكانە و بەهۆی باوەڕە مەزهەبییەكانیان بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لەژێر زەخت و گوشاردا بوونە.
لەم دواییانەدا لەیەكێك لەزیندانەكانی ئێران بە گڵاو لەقەڵەم دانی كۆمەڵگای یارسان، سوكایەتیكردنی بەرچاو بەو ئایینە كراوە و دەست بەجێ‌ لەگەڵ پەرچەكرداری كۆمەڵگای یارسان بەرەوروو بۆوە و چەند كەسێك بەنیشانەی ئیعتراز ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا.

حەسەن رەزەوی و نیك مەرد تاهیری لەچالاكانی یارسانی ئەو دوو كەسە بوون كە لەبەردەم فەرمانداری شارستانی هەمەدان ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا، بەچەشنێك كە حەسەن رەزەوی بە توندی جەستەی سووتا و نیك مەردیش كە باوكی دوو منداڵ بوو گیانی لەدەست دا.
رێكخراوی داكۆكیی لەمافی مرۆڤی كوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ یارسانەكان، سووكایەتی و بێ‌ رێزی كردن بە ئایینە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگای ئێران بە شتێكی شەرمەزاری دەزانێ‌ و داوا لەدەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران دەكا كە رێز لە كەمینە مەزهەبییەكان بگرن.

رێكخراوی داكۆكیی لەمافی مرۆڤی كوردستان

١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٢‌ی هەتاوی