کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق و كەمبوونەوەی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای ورمێ‌

19:50 - 16 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: لە ماوەی ٩ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، لە پارێزگای ورمێ‌ ڕێژەی تەڵاق ٤% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و ئاستی پێكهێنانی ژیانی هاوبەشیش ١% كەمی كردووە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری محەممەد جەوان، سەرۆكی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی (ثبت احوال) بڵاوی كردەوە لە ماوەی ٩ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، ٤ هەزار و ٧٨٠ حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگای ورمێدا تۆمار كراوە، كە ئەمە بە واتای زیادبوونی ٤%ی ئەم دیاردە بەبەراورد لەگەڵ ٩ مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردووە.

ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كردووە كە لەو ٩ مانگەدا ٢٤ هەزار و ٦١٠ حاڵەتی پێكهێنانی ژیانی هاوبەش تۆمار كراوە كە ئەم ڕێژە بەبەراورد لەگەڵ ٩ مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، ١% كەمی كردووە.
بەوتەی ناوبراو، نێونجی تەمەنی تەڵاقە تۆماركراوەكان بۆ پیاوان ٣٤-٣٦ ساڵ و بۆ ژنانیش ٢٧-٢٩ ساڵ بووە كە ١٨.٧%ی ئەو كەسانە كەمتر لە یەك ساڵ پێكەوە ژیاون.

بە وتەی كارناسانی كاروباری دادوەریی و بنەماڵە، هۆكارە سەرەكییەكانی سەرهەڵدانی حاڵەتی تەڵاق لە ئێراندا بریتین لە: كێشە ئابوورییەكانی وەك بێكاری، گرانی و هەڵاوسان ـ كێشە كۆمەڵایەتییەكانی وەك مادەی سڕكەر، دەستێوەردانی بنەماڵەكان لە ژیانی هاوسەرە نوێیەكان و ....