کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ساڵ کات بۆ چارەسەری کێشە ئابوورییەکان پێویستە

15:09 - 22 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە ڕاگەیەنەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، مزگێنیی نزیک بوونەوە لە نەمانی گەمارۆکان دەدەن، وەزیری ئابووری ئەو وڵاتە باس لە کۆمەڵێک گرفتی بنەڕەتی دەکات کە ٢٠ ساڵ کاتی بۆ چارەسەر کردن دەوێ.

ڕۆژنامەی تفاهم لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا، بەشێک لە قسەکانی عەلی تەیێب‏نیا وەزیری کاروباری ئابووری ڕێژیمی بڵاو کردەوە کە دەڵێ؛ لە ساڵدا پێویستیمان بە ٧٠٠ هەزار میلیارد تمەن سەرمایەدانان هەیە تاکوو بتوانین لە ماوەی ٢٠ ساڵدا، ئابووری وڵات ببووژێنینەوە.

ئەم قسانەی وەزیری ئابووری لە حاڵێکدا بڵاو دەبنەوە کە، حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ڕێژیم، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فازی ١٥ و ١٦ی پارسی باشوور، وتوویەتی دەوڵەت دەتوانێ وڵات بە نەوتی ٣٠ دۆلاری بەڕێوە ببات و پێویستی بە نەوتی ١٤٧ دۆلاری نیە و ساڵی داهاتوو بۆ ئێمە ساڵی گەشەکردن دەبێت!

ئەم لێدوانە دژبەیەکانە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی قەرزداربوونی دەوڵەت بە بڕی ٣٨٠ هەزار میلیارد تمەن و زیادبوونی ڕۆژانەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو کۆمەڵگای ئێراندا.

هەڵبەت ڕەنگە مەبەستی ڕووحانی دابین کردن و پڕچەک کردنی تیرۆریستان بە نەوتی ٣٠ دۆلاری بێت، چوونکە هەموو تاکێکی ئێرانی دەزانێت کە کۆماری ئیسلامی بە نەوتی ١٤٧ دۆلاریشەوە، توانای دابین کردنی ژیانی هاووڵاتییانی نەبووە.