کوردستان میدیا

پێنجشەممه 8ی خەزەڵوەر 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووكایه‌تی به‌ زانست

20:49 - 31 خاکەلێوه 2720

كه‌ریم په‌رویزی

سه‌رده‌مانێك، له‌ هاتنه‌وه‌ی بەڵای خومه‌ینیدا بۆ نێو ئێران، كه‌سانێكی نه‌زانیان وا لێ كردبوو كه‌ وێنه‌ی خومه‌ینییان له‌ نێو مانگدا ده‌بینی و له‌ ئێسته‌شدا له‌ هاتنی به‌ڵای كۆرۆنا بۆ ئێران، له‌سه‌ر ئه‌ساسی هه‌مان شێوازی نه‌زانپه‌رستی ده‌زگای دۆزینه‌وه‌ی ڤیرووس له‌ مه‌ودای سه‌د میتری نومایش ده‌كه‌ن!

سه‌ره‌تا و كۆتایی ئه‌م ڕێژیمه‌ یه‌ك شته‌ و ئه‌ویش گاڵته‌كردن و سووكایه‌تی به‌ زانست. له‌ هه‌ر به‌ڵا و ماڵوێرانییەكه‌یشدا یه‌كه‌م قوربانی زانست و تێگه‌یشتنه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام په‌ره‌ی پێ ده‌درێ، خورافات و گه‌وجاندنه‌. ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قهیی له‌ جه‌هل و نه‌زانییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و به‌ خورافات ئاو ده‌درێ.

كاتێك كه‌ خه‌ڵكی ئێران له‌ سته‌مه‌ سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداریی پاڵه‌وی وه‌زاڵه‌ هاتبوون و باوك و كوڕ، ڕه‌زا و حه‌مه‌ڕه‌زا، په‌نجا ساڵ سته‌میان له‌م خه‌ڵكه‌ كردبوو و هه‌موو گه‌لانی ئێرانیان داپڵۆساندبوو، خه‌ڵك وه‌دوای ڕێگایه‌كی ڕزگاری ده‌گه‌ڕان و سه‌رسامی ڕزگاریده‌رێك بوون. له‌و جۆره‌ كاتانه‌دا كه‌ خه‌ڵك هه‌ست به‌ بێتوانایی ده‌كه‌ن و نه‌هامه‌تی به‌رۆكیانی گرتووه‌، هه‌ر ده‌لاقه‌یه‌كی زۆر بچووكیش هیوای پێ ده‌به‌ستن. له‌ ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاویدا و به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ ئامرازه‌كانی گه‌یاندنی زانیاری زۆر له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوون و نه‌زانیی هه‌ندێك خه‌ڵك ده‌بوو به‌ سه‌رچاوه‌ی نانده‌رهێنان بۆ فریوكاران، وایان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ وێنه‌ی خومه‌ینی له‌ ناو مانگدا بینراوه‌ و به‌م شێوە‌یه‌ سیما‌یه‌كی جادووییان به‌ خومەینیی تاوانبار  به‌خشی، به‌ڵام له‌ كرده‌وه‌دا خومه‌ینی هه‌مان كه‌س بوو كه‌ ده‌یگوت بشكێنن ئه‌م قه‌ڵه‌مانه‌ و ببڕن ئه‌م زمانانه‌ و فه‌رمانی جه‌هادی به‌ دژی كورد ده‌ر كرد.

له‌ ئێسته‌دا كه‌ به‌ڵای كۆرۆنا هاتووه‌ و به‌رۆكی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی گرتووه‌، دووباره‌ نه‌هامه‌تی و بێده‌رەتانی گوشاریان هێناوه‌ و خه‌ڵك به‌دوای ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ ڕزگاركردنی گیانیاندا ده‌گه‌ڕێن.

دووباره‌ به‌ڵایه‌كی دیكه‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی له‌ خه‌ڵكی كردووه‌ به‌ ژه‌هری تاڵ و بۆ ده‌ستخستنی پارووه‌ نانێك ده‌بێ ده‌یان مه‌یدانی مینڕێژكراوی كۆرۆنایی تێپه‌ڕێنن و له‌وه‌ دڵنیا نین كه‌ شه‌و به‌ سڵامه‌تی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای منداڵه‌كانیان یان نه‌؟

له‌وه‌ها دۆخێكدا سپای پاسداران و داموده‌زگاكانی ڕێژیم كه‌ به‌ شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان و به‌ سیاسه‌ته‌ دژه‌ مرۆییه‌كانیان به‌ڵای كۆرۆنایان به‌دیاری بۆ خه‌ڵك هێنا، له‌ ده‌سته‌وه‌ستانی و دڕنده‌یی خۆیاندا په‌نا ده‌به‌نه‌وه‌ به‌ر نه‌زانپه‌رستی و خورافات.

به‌ڵای كۆرۆنا دەرگای شوێنی زیاره‌ت و كاسبیی له‌ كۆماری ئیسلامی داخست به‌ڵام به‌ شێوی دیكه‌ هه‌ر ده‌یانهه‌وێ دژایه‌تیی زانست بكه‌ن و ڕۆژانه‌ به‌رهه‌می دژه‌زانین و وشیاری ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌.

وه‌زاره‌تێكی وه‌كوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه‌ ده‌بێ زانستییترین ده‌زگای حكوومه‌تی له‌ ئێران بێ، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاكوو ئێستا ده‌یان هه‌واڵ و ڕاپۆرتی نازانستیی داوه‌ و ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تا ده‌یانگوت كه‌ ئه‌وه‌ ده‌رمانی ڕاسته‌قینه‌ی كۆرۆنایان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌شی ده‌كه‌ن! یان به‌شێك له‌ نه‌زانپەرستانی حاكمیه‌تی وایان ده‌نواند كه‌ نه‌خۆشیی كۆرۆنا ناگاته‌ مه‌زاره‌كان و باره‌گاكان له‌ قوم و مه‌شهه‌د چونکە خۆیان دژه‌ كۆرۆنان!

نه‌زانپه‌رستی و خورافات له‌ دوو شوێن گه‌یشتنه‌ لووتكه‌! ئه‌و كاته‌ی خامنه‌یی له‌وپه‌ڕی بێتوانایی و ده‌سته‌وه‌ستانیدا كه‌ داڕووخانی ڕێژیمه‌كه‌ی به‌چاوی خۆی ده‌بینێ، په‌نای برده‌ به‌ر جنۆكه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ جنۆكه‌ هێرشیان بۆ ڕێژیمه‌كەی هێناوه‌! له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ مێشكی خودی خامنه‌ییه‌ كه‌ جنۆكه‌ ده‌ستی لێوه‌شاندوه‌!

له‌ ڕۆژانی ڕابردووشدا، سوپای پاسداران به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه‌، ده‌زگایه‌كی دۆزینه‌وه‌ی فێلێزیان هێنابوو كه‌ پێشتر بۆ دۆزینه‌وه‌ی زێڕ و خه‌زێنه‌، گۆڕستانه‌كانی ئێران و شوێنه‌واره‌كانین بۆ تاڵانكردنی ئاسه‌واره‌كان له‌ ئێران كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرتبوو! ئه‌م ده‌زگای دۆزینه‌وه‌ی فێلێزه‌یان وه‌كوو ده‌زگای شوێنهه‌ڵگری كۆرۆنا نومایش كرد كه‌ له‌ مه‌ودای سه‌د میتری ڤیرووسی كۆرۆنا ده‌دۆزێته‌وه!

ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی سپای پاسداران ئه‌وپه‌ڕی ده‌سته‌وه‌ستانی و هه‌روه‌ها خه‌ڵك به‌گێلزانینی ئه‌م ڕێژیمه‌ی نیشان دا و گه‌ر به‌سیجییه‌كی بێمێشك بڕوا به‌ قسه‌كانی سوپا بكا، خۆ ته‌واوی دونیا ده‌زانێ خه‌ریكی درۆ و بڵاوكردنه‌وه‌ی خورافاتن. هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌نی فیزیكی ئێران ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ی سوپای پاسداران گاڵته‌كردن به‌ سنووره‌كانی زانست بوو و فیزیكدانێكی دیكه‌ وتی به‌م كاره‌ی سوپای پاسداران ، هه‌موو دونیا پێده‌كه‌نێ به‌ ئێران.

چل ساڵه‌ كه‌ ئه‌م ڕێژیمه‌ خورافات بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و سووكایه‌تی به‌ هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی زانست ده‌كا، به‌ڵام ئێستا نه‌زانی و نه‌زاپه‌رستییان جیهانی بۆته‌وه‌ و هه‌موو دونیا پێی زانیوه‌.