کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندن و شێواندنی وێنەی کاندیداکانی سەركۆماریی لەمەریوان و شائاباد

22:30 - 20 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەشارەكانی مەریوان و شائاباد(ئیسلام ئاباد غەرب) وێنە و پوستێرە تەبلیغاتییەكانی پاڵێوراوانی پۆستی سەركۆماریی لەلایەن هاووڵاتیانەوە شێوێندراوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەشاری مەریوان وێنە و پوستێری كاندیداكان كە لەسێ‌ ڕێیانی بهزیستی هەڵواسرابوون لەلایەن هاووڵاتیانە‌وە ئاگرییان تێبەردرا.
ئەو وێنە و پلاكارتە تەبلیغاتیانە لەداربەستی تایبەت درابوون و شەوی یەكشەممە رێكەوتی ١٩ی جۆزەردان لەلایەن هاووڵاتیانەوە سووتێندران.
چەند رۆژ لەمەوبەریش لەشاری مەریوان لەچەندین شوێنی شار وێنەی كاندیداكان شێوێندرابوون.
هەر لەو پێوەندییەدا لەشاری شائاباد (ئیسلام ئاباد) وێنە و پوستێرەكانی یەكێك لە پاڵێوراوان بەناوی رووحانی یش شێوێندرابوو.

هەر لەشاری ئیسلام ئابادا پێشتریش پوستێرە تەبلیغاتییەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگرییان تێبەردرابوو و لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیرناش بڵاوی كردبووە، ئەوە بۆ چەندەمین جارە وێنەی پاڵێوراوان لەشائاباد دەسووتێندرێن.
لەلایەكی دیكەوە رێكەوتی ١٨ی جۆزەردان لەگەڕەكی پشت تەپی بەری شیلانان لەشاری مەهاباد، شوێنێكی تەبلیغی ئاگری تێبەردرابوو و سەرجەم وێنە و تراكتە تەبلیغاتییەكان سووتێندرابوون.