کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بۆ جاری دووهەم هێزێكی زۆری رەوانەی سەر سنوورەكانی كوردستان كرد

15:52 - 19 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی یەك حەفتەی رابردوودا سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبەردەوامی هێزی چەكداری رەوانەی خاڵە سنوورییەكانی سەردەشت و پیرانشار كردووە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران هێزێكی زۆری سپای پاسدارانی تەیار بە چەكی قورس و تۆپخانەوە رەوانەی سەر سنوورەكانی شاری سەردەشت و پیرانشار كردووە.
بەوتەی هاووڵاتیانی ناوچەكە ئەو هێزانە بە هێلی كۆپتێر هێنراونەتە ئەو شوێنانە و كۆپترەكانیش بەبەردەوامی لە حاڵی سوورانەوە دان.
ئەو هێزانە بە حوزووریان ناوچەكەیان بە تەواوەتی ئەمنیەتی كردووە و كێشەشیان بۆ ئاژەڵدران و شوانكارەكان دروست كردووە.
ماوەی یەك مانگ لەمەوبەریش سپای پاسداران هێزێكی زۆری لەو ناوچە سنوورییانە مۆڵ دابوو.
خەڵكی ناوچەکە لەوە باوەڕەدان بەپێی ژمارەی هێزەكان و بوونی چەكی قورس و تەنانەت هێلی كۆپتێریش وا وێ‌دەچێ‌ئێران لەحاڵەتی ئامادە باشی شەڕ لەگەڵ وڵاتی تر دابێت.