کوردستان میدیا: سێمینارێکی سیاسی و زانستی بۆ "سۆهراب کەریمی" بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممه ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە لایەن "ماڵی کورد" لە شاری ڤانکۆوێر، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران، چالاکوانی سیاسی و ھاووڵاتیانی دانیشتووی ھەرێمی ڕۆژئاوای کانادا، سێمینارێکی سیاسی، زانستی بۆ "سۆھراب کەریمی"، نووسەر و چالاکوانی سیاسی و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژئاوای کانادا لەژێر ناو و نیشانی " نەتەوە، بنەماکانی نەتەوە بوون و خەباتی نەتەوایەتی کورد" ڕێکخرا.
کەریمی، بە کەڵکوەرگرتن لە ژێدەری ئاکادمیک، فەلسەفی، مێژوویی و سیاسی، بە وردی ماناکان و بنەماکانی نەتەوە و نەتەوە بوونی شی کردەوە و لەو دەلاقەیەوە ئاوڕی لە خەباتی نەتەوایەتی کورد دایەوە و تێبینی و بۆچوونەکانی خۆی بۆ ئامادەبوان شێ کردەوە.
لە درێژەی ئەو سێمینارەدا، ئامادەبوان پرسیار و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو و لە لایەن کەریمی، وڵامی پرسیارەکان درایەوە و باسێکی بەپێز و پر ناوەرۆک ساز کرا.