کوردستان میدیا: هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش لە سێمیناری پارتی "دێموکراتی کوردستانی سووریە"دا بەشداریی کرد.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی،هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی ئۆتریش لە سەر بانگهێشتنی پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە بەشداری لە سێمیناری مامۆستا "عەبدولکەریم حاجی" ئەندامی کومیتەی ناوەندی ئەو حیزبەدا کرد.
سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب "و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
لەو سێمینارەدا مامۆستا "عەبدولکەریم حاجی" باسێکی تێروتەسەلی به نیسبەت بارودۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا بە گشتی، ڕێکخراوە سیاسی و چەکدارەکانی ناو گۆڕەپانەکە، پێکهاتە و سیاسەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریە، کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێگای کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی لە ڕۆژئاوا و هەروەها بارودۆخی دژواری ڕۆژئاوا وەک ناوەندی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی وەک ئامریکا و ڕووسیە و وڵاتانی ناوچە وەک ئێران، تورکیە و سوریە پێشکەش بە بەشدارانی سێمینارەکە کرد.
پاشان بەشدارانی سێمینارەکە ڕای خۆیان لە سەر ناوڕۆکی قسەکانی مامۆستا عەبدولکەریم حاجی دەربڕی و چەند پرسیارێکیان ئاراستە کرد.
لە پێوەندی لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران کۆماری ئیسلامی لە سووریە لە لایەن هەیتەتی حیزبەوە پرسیارێک ئاراستەی بەڕێزیان کرا.
مامۆستا عەبدولکەریم لە وڵامی پرسیاری هەیئەتی حیزبدا قامکی بۆ سیاسەتی دژبەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرانبەر بە بەرژەوەندیەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بە تایبەت کوردستانی ڕۆژئاوا ڕاکێشا.
ناوبراو باسی لە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە بونیادنانی هیلالی شێعە وەک هێڵی پێوەندی و بەستنەوەی بزووتنەوەی شێعەی وڵاتانی ئێران، عێراق، سوریە و لوبنان کرد.
حاجی لەسەر ئەو باوەڕە بوو دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لەم وڵاتانەدا خەتەرێکی جیدیە دژ بە بەرژەوەندی کورد و داهاتووی کوردستان و هەرچەشنە زەبرێک به بەرژەوەنی ڕێژیمی ئێران لەم وڵاتانەدا بکەوی ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی کورد و کێشەی کورد لە ناوچەکە دایە.